وەزیری دارایی هەرێم: لەم ساڵدا بەردەوام دەبین لە پێدانی مووچە بە فەرمانبەران

:: PM:04:50:18/01/2018 ‌
رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەم ساڵدا بەردەوام دەبین لە پێدانی مووچە بە فەرمانبەران، چونكە شتی وا نەهاتووەتە ڕێگەمان بڵێین ناتوانین بە تەواوی مووچە بدەین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی كانوونی دووەم، رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، دۆخی دارایی هەرێم خراپە ئەویش لە چەند ڕوویەكەوە بڕینی بودجە لە بەغداوە، كە لە پێش ساڵی 2014 كە ساڵانە 12 تا 13 ملیار دۆلار لە بەغداوە دەهاتە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی لە دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی كەركووك ژمارەیەكی بەرچاو بیرە نەوت لەژێر دەستی كورددا نەما و لەلایەن حكوومەتی عێراقیەوە فشار لەسەر ئەو بانكانە دروست كراوە بۆ هێنانەوەی پارەی فرۆشراوی نەوت هەروەها داهاتی ناوخۆ دابەزیوە و بەهۆی داخستنی سنوورەكان، بۆیە لە وەزارەتی دارایی یەكەم كارمان بۆ ئەمساڵ پێدانی مووچە و بەگەڕخستنەوەی بازاڕە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا حەملان وەڵامی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەداتەوە و ڕای گەیاندووە، "دەمەوێت لێرەدا وەك وەڵامێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراقی ئاماژە بەشتێك بدەم كاتێك دەڵێت، ئەو ژمارەی فەرمانبەرانەی باسی دەكەن زۆر زۆرە، كێشەكە لێرەیە لە هەرێمی كوردستان یاسای سندوقی خانەنشینی هەیە، بەڵام جێبەجێ ناكرێت، لە كاتێكدا لە بەغدا سندوقی خانەنشینان هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو یاسایە لە كوردستان جێبەجێ بكرایە ئەوە ئەوكات ڕاست دەبوو، ئەوكات ئەو ناكۆكییە گەورەی لەگەڵ بەغدا بۆ دروست نەدەكردین.

وەزیری دارایی لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا باسی دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەم ساڵدا دەكات و دەڵێ‌، مووچە خۆران ئارامییەكی زۆریان نواند لەسەر دۆخی مووچە، حكوومەت و دەسەڵات قەرزای ئەو ئارامگریەی خەڵكی كوردستانە، هەوڵ دەدەین لەم ساڵدا بەردەوام بین لە پێدانی مووچە بە فەرمانبەران، چونكە شتی وا نەهاتووەتە ڕێگەمان بڵێین ناتوانین بە تەواوی مووچە بدەین و لەگەڵ بەغدا هیچ لاریمان نییە بۆ ناردنی هەموو لیستەكانمان و "دەرگەمان كراوەیە، كە وردبینی لە هەموو لیستەكان بكەن."

وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای كرد، كە حكوومەتی عیراق پابەندی بەڵێنەكانی بێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و گوتی، ئەو بەڵێنانەی لەسەر تەلەفزیۆن دەیدات، تەنانەت ئامادەی هەر كار ئاسانییەكین بۆیان و لە ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بە بڕیار كە هەموو ئاسانكاریەك بكرێت لەو ڕووەوە. "من ئومێدێكی زۆرم هەیە بەوەی لەگەڵ حكومەتی عیراقی بگەینە ڕێكەوتن."

حەملان داوایشی لە پەرلەمانتارانی كورد كرد لە بەغدا فشار لەسەر حكوومەتی عێراقی دروست بكەن بۆ ناردنی مووچە جگە لەوەی وەك حكوومەتی هەرێم لە پێشینەی كارەكان بۆ مووچەیە و ئەو داهاتە ناوخۆیەی لە بەردەستی حكوومەتدایە بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت.

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە، كە ئایا كەی پاشەكەوتی مووچە لادەچێت و  پاشەكەوت دەدرێتەوە؟ دەڵێت، هەركات لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتین و بودجەی هەرێم لە بەغداوە هات ئیتر پاساوێك نامێنێت لەبەردەم پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران، پاشەكەوت بەهۆی ئەوەوەیە كە داهاتی پێویست لەبەردەست نەبووە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسایە، بۆیە هەركات داهاتی پێویست لەبەردەست بوو فەرمانبەران مافی خۆیانە هەموو پاشەكەوتی مووچەكانیان وەربگرنەوە.

هەروەك ئاماژەی بەوەیش كرد، كۆمپانیای حزبی و تایبەت هەیە كە زیان بەداهاتی هەرێم دەگەیەنێت و هیچ باجێكیش نادات و لە داهاتی هەرێم دەبات، سەرباری ئەوەی  بڕی 700 ملیۆن دۆلاری حكوومەت لای هەندێك وەبەرهێنەرە، كە زەوی و پارەیان بەخۆڕایی پێدراوە، بەڵام لە دەرەوە بەشێوەیەكی تر قسە لەسەر حكوومەت دەكەن و قەرزەكەش ناهێننەوە.

وەزیری دارایی باسی لەوەیش كرد، كە هەندێك كەس دەوڵەمەند بوون بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا هەم پارەیان دراوەتێ هەم زەوی، هەم لە باج و ڕسوومات بۆ ماوەی 15 ساڵ بەخشراون، كە ئەمە زیانێكی گەورەی لە ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتە داوە، ئەم پارانە هیی یەك كابینە نییە ئەمە كەڵەكەبووی هەموو كابینەكانە ئەو بڕە پارەیە دراوە بەو شێوەیە."

سەبارەت بەوەی بەنیازە لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پۆستەكەی وەربگرێتەوە، ڕێباز حەملان گوتی"هێشتا زووە باس لەوە بكەم ."

رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەتای كابینەی هەشتەم لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان كرایە وەزیری دارایی دواتر لەگەڵ دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لەناو حكوومەت ئەویش دوورخرایەوە و بۆ ماوەی دووساڵ دانیشت، بەڵام پۆستەكەی بە بەتاڵی مایەوە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2017 دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەناو گۆڕان ڕاگەیاند و چەند مانگێك لەمەوبەر دوای بڕیاری كشانەوەی ئەو حزبە لە حكوومەت، رێباز حەملان گەڕایەوە سەر كارەكەی خۆی و وەك وەزیری دارایی دەست بەكار بۆوە.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم