سەرجەم حزبە كوردییەكانی كەركووك پاڵپشتی دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن

:: PM:04:53:18/01/2018 ‌

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەشی زۆری حزبە كوردییەكانی سنووری كەركووك پاڵپشتی خۆیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان نیشاندا و پارتیش بەشدار كۆبوونەوەكەی نەكردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی كانوونی دووەم،  دوای كۆبوونەوەی بەشی زۆری حزبە كوردییەكانی كەركووك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانیان كرد، ڕەوەند مەلا مەحموود، نوێنەری یەكێتی لە كۆبوونەوەكە بە ناوی حزبە كوردییەكانەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بە پێویستی دەزانین بەشداری هاووڵاتییانی كورد لە دەركردنی كارتی بایۆمەتری تا بتوانن دەنگ بدەن و رێژەی دەنگی پێكهاتەكە لە شارەكە كەم نەبێتەوە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتیی زیاتر گوتی، هەوڵە هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئێمەیش ئەوەندەی پێمان بكرێت پاڵپشتی دەكەین، بەڵام خۆ ئامادەكردنیش كارێكی باشە گەر هەڵبژاردن كرا، داوا لە هەموو حزبەكان دەكەین فشار نەخرێتە سەر هاووڵاتییان.

رەوەند ئاشكرای كرد كارتی فشاریان بە دەستەوەیە بەرانبەر بەغدا، وەك خۆپێشاندانی جەماوەری و بایكۆتی دام و دەزگە حكوومییەكان، پەرلەمانتاری كوردیش هەیە تا بەرگری لە میللەتەكەیان بكەن لە كەركووك.

پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك و گەرمیان بڕیاری كشانەوی دابوو لە هەڵبژاردنەكانی سنووری كەركووك.

بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكان پارێزگای كەركوك 12 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا حزبە كوردییەكان هەشت كورسی، توركمانی دوو كورسی و عەرەب دوو كورسی بە دەستهێنا.
رامیار  



وشە - رامیار جەواد