لە دهۆك ئاگر لە بەشە ناوخۆیەكی قوتابیان كەوتەوە

:: PM:05:34:18/01/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشە ناوخۆیەكی قوتابیانی زانكۆی دهۆك لە سەنتەری شاری دهۆك كەوتەوە و بێجگە لە زیانە مادییەكان هیچ زیانێكی گیانی نەبوو.

بێوار عەبدولعەزیز بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانی دهۆك لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی سۆپای نەوتەوە ئاگر لە باڵەخانەیەكی بەشە ناوخۆی قوتابیانی زانكۆی دهۆك كەوتەوە و سوپاس بو خودا ئاگرەكە كۆنترۆڵ كرا بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی هەبێت.

زیاتر گوتی، ئاگرەكە لە بەشی سەرەوەی شوقەیەكی بەشە ناوخۆییەكە كەوتەوە و لەلایەن تیمەكانی ئاگركوژێنەوەی دهۆك كۆنترۆڵ كرا و نەیانهێشت بگاتە ژوورەكانی تر و زیانی گیانی و مادی گەورە دروست بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش زیانی مادی بەر بەشەكە كەوتووە، كە ئاگرەكە لێوەی سەرچاوەی گرتووە.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانی دهۆك لە ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دهۆك هەزار و 453 رووداوی جوراوجۆر توماركراون و لە ئەنجامدا 61 كەس بەهۆی ئاگركەوتنەوە و خنكاون و گیانیان لەدەست داوە و لەو ژمارەیەش زیاتر بریندار بوون و زیانە مادیەكانیش نو ملیار و 664 ملیۆن و 540 هەزار دینار بووە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل