مەكگۆرك لە كوردستان خەریكی كۆبوونەوەیە
چاودێرێك: پێویستە ئەمجارە كورد نەكەوێتە ژێر هەژموونی ئەمەریكا

:: PM:05:36:18/01/2018 ‌
جارێكی تر برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش لە هەرێمی كوردستان دەستی بە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێم و حزب و لایەنە سیاسییەكان كردەوە، چاودێرێكی سیاسیش ڕای دەگەیەنێت، پێویستە كورد وەك پێشوو نەبێتە كارتی ئەمەریكا.

دوێنی شەو، مەكگۆرك لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و دووپاتیان لەسەر پێوەندییەكان كردەوە، هاوكات ئەمڕۆیش كۆبوونەوەی لەگەڵ چەند حزبێكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، كە بەپێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكان تەنیا دووپات كردنەوە بووە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی كانوونی دووەم، د. محەمەد بازیانی چاودێری سیاسی سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە كورد ئەمجارە نەكەوێتە ژێر هەژموونی ئەمەریكا و نەبێتە كارتێك بەدەست ئەمەریكاوە، چونكە هەڵوێستی ئەوان لە ڕابردوو بەرانبەر كورد زۆر زۆر خراپ بووە.

ڕوونی كردەوە، ئەمەریكا ئێستە دەیەوێت بۆ دوانەكەوتنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورد بەكاربێنێت، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە.

بازیانی گوتی، هەر ئەمەریكا بوو، كە وای كرد ئیرادەی میللەتێك فەرامۆش بكرێت، بۆیە نابێ‌ خۆمان بە لاوازی پێشان بدەین و بكەوینەوە ژێر پاڵەپەستۆی ئەمەریكا، بەڵام ئاسایی بەشێوەیەكی دیپلۆماسی گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكەین، چونكە ڕوونە تا ئێستە ئەوان دەیانەوێ‌ عەبادی لە عێراقدا هەبێ‌.

لەبارەی ئەوەی، كە لە كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی كوردستان ئەمەریكا بەردەوام دووپات لەسەر ئەوە دەكرێتەوە، كە حكوومەتێكی بە هێزی كوردستان لە عێراقدا هەبێ‌، ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی، بە پێچەوانەوە ئەمەریكا و ئەوەی نوێنەرایەتی ئەمەریكا دەكات لە كوردستان نایەوێ كوردستانێكی بەهێزی هەبێت.

دەست پێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی كورد لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریكا لە كاتێكدایە، كە ئێستە لە عێراق كۆمەڵێك پرسی گرنگی سیاسی لە ڕۆژەڤدایە و ئەمڕۆیش بەهۆی بایكۆتكردنی ژمارەیەك فراكسیۆن دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر هەڵبژاردن دوا خرا.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم