سەرۆك بارزانی: تەعریب و زۆرداری و پێشێلكردنی مافی خەڵك قابیلی قبووڵ نییە

:: PM:06:09:18/01/2018 ‌

سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقووڵانی ناوچەی سەرگەڕان كۆ بووەوە  و ئامادەبووانی لەوە دڵنیا كردەوە، كە گەلی كوردستان لە پشتیانە و هەموو ڕێگەیەك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی پڕۆسەی نامرۆڤانەی تەعریب لەو ناوچانە رابوەستێت و بارودۆخ بۆ حاڵەتی سرووشتیی خۆی بگەڕێتەوە و تەعریب و زۆرداری و پێشێلكردنی مافی خەڵك قابیلی قبووڵ نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی كانوونی دووەم،  لە هەواڵێكی سایتی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی ناوچەی سەرگەڕان كرد و لەگەڵیاندا كۆ بووەوە و لە دیدارەكەدا كەسایەتییەكانی ناوچەی سەرگەڕان نیگەرانی و تێبنییەكانی خۆیان و خەڵكی ناوچەكەیان لە بەرانبەر دەست پێكردنەوەی پڕۆسەی تەعریب بە سەرۆك بارزانی گەیاند و باسیان لە وردەكاریی بارودۆخی ناوچەكە و شێوازەكانی تەعریب لە ڕابردوو و ئێستەدا كرد.

كەسایەتییەكانی ناوچەی سەرگەڕان، دوای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان داواشیان كرد، كە سەرۆك بارزانی سنوورێك بۆ هەڵمەتی نوێی تەعریبكردن دابنێت، كە ئێستە لە ناوچەی سەرگەڕان و چەندان ناوچەی تر دەستی پێ كردووە.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە تەعریب لە سەردەمی ڕژێمەكانی پێشوو ڕای گەیاند، كە تەعریب زوڵم و ناحەقییەكی گەورەیە و جیاوازە لە هەموو بابەتێكی تر، ئەوەیشی خستەڕوو، كە خەڵكی كوردستان خاوەنی ڕەوشتێكی بەرز و كولتوورێكی دەوڵەمەندە لە ڕێزگرتنی نەتەوە و ئاینەكانی تر و هیچ كاتیش خوازیاری ئەوە نین، كە كێشەی سیاسی لەگەڵ حكوومەتەكان ببێتە هۆی گرفت و شەڕی نێوان نەتەوەكان. لەگەڵ ئەوەیشدا تەعریب پڕۆسەیەكی مەترسیدار و ستەمكارییە دەرهەق خەڵكی ئەو ناوچانە كراوە.

بارزانی ئامادەبووانی لەوە دڵنیا كردەوە، كە گەلی كوردستان لە پشتیانە و هەموو ڕێگەیەك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی پڕۆسەی نامرۆڤانەی تەعریب لەو ناوچانە ڕابوەستێت و بارودۆخ بۆ حاڵەتی سرووشتیی خۆی بگەڕێتەوە و تەعریب و زۆرداری و پێشێلكردنی مافی خەڵك قابیلی قبووڵ نییە.

 سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی كرد و داوایشی كرد، كە ورەیان بەرز بێت و هیوایان هەبێت و دووپاتی كردەوە لە بەرانبەر زوڵم و زۆر و تەعریب و خۆسەپاندندا هەرگیز بە تەنیا بە جێیان ناهێڵین.

دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری رابردوو ئێستە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەشێوەییەكی بەرفرەوان تەعریبی ناوچە كوردستانییەكان دەستی پێ‌ كردووە.



وشە - رامیار جەواد