لە عەفرین یەپەگە و سوپای توركیا یەكتر تۆپباران دەكەن
تا دێت ئاڵۆزییەكان لە عەفرین زیاتر دەبن، ئەمڕۆ هێرشكردن لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل/ یەپەگە كراوەتە سەر سوپای توركیا لەو سنوورە، ئەوەیش وەك وەڵامدانەویەك بۆ تۆپبارانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر شاری عەفرین.
میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، دوای ئەوەی تۆپخانەكانی سوپای توركیا تۆپبارانی سەر گوندەكانی سەر بە "جندرێس و شەرا و شێراوا و ڕاجۆ"ـی كانتۆنی عەفرینیان زیاتر كردووە، لە بەرانبەردا شەڕڤانانەكانی یەپەگە و یەپەژە وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی كانوونی دووەم، ئاژانسی "ئانادۆڵۆ"ی فەرمی توركیا ڕای گەیاند، سوپای توركیا، لە باكووری سووریا بەرپەرچی هێرش و دەستدرێژییەكانی شەڕڤانانی پەیەدە و پەكەكەی داوەتەوە. كە ئاژانسەكە بە "تیرۆریست" ناوی بردوون.
بەپێی هەواڵەكە، هێزەكانی سوپای توركیا لە رێگەی تۆپخانەكانەوە بەرپەرچی هێرشەكانیان داوەتەوە و سوپا لە چوارچێوەی ماف و یاساكانی بەرگریكردن لە خۆی بەرپەرچی ئەو هێرشانەی داوەتەوە.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆككۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رای گەیاند، سوپای توركیا لە ماوەیەكی كەمدا كێشەی عەفرین و منبج چارەسەر دەكات. زیاتر گوتی" ئامادەكارییەكانمان كۆتایی هاتووە و لە هەر ئان و ساتێكدا رەنگە جووڵە بە ئاراستەی شارۆكەكە دەست پێ بكەین".
وشە -
سهرخێڵ هاشم