بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات بۆ گەشتی ناو بەفر دەرمەچن، چونكە ئەگەری پەككەوتنی ڕێگەكان و داڕمانی بەفر هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ئاگەدارییەكی بۆ هاووڵاتییان دەڵێت، ئەو هاووڵاتییانەی نیازی ئەنجامدانی گەشتیان هەیە بۆ ناو بەفر یان سەفەرییان هەیە یان هاووڵاتییانی گوندەكان لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە تەنیا بۆ كاری پێویست نەبێت.
لە بەشێكی ئاگەدارییەكەی كەشناسی هاتووە، لە ناوچە شاخاوییەكان پێشبینی گۆڕانكاری لە كەشوهەوا دەكرێت بەخێرایەی زۆر ئەوەیش بۆ پاراستنی خۆتان و خانەوادەكانتان و دوور بوونتانە لە مەترسی گیرخواردن لەناو بەفر و ئەگەرەكانی داڕمانی بەفر.
كەشناسی هەرێمی دەڵێت، دوای تەواوبوونی بارینەكە و ئاسایی بوونەوەی كەشوهەوا ئینجا بۆ كاری پێویستتان دەربچن.
لە ڕاگەیەنراوەكی ئەمڕۆ پێنجشەم دەزگەی كەشناسی هاتووە، ئاسمانی كوردستان لە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی ئەوروپا و دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوایەكی سارد دەبێ، لە هەولێر ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێ لەگەڵ باران بارین لە هەندێ ناوچە بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان ڕێژەكە زیاترە و بەفربارین لە هەندێ ناوچەی شاخاویی هەیە بە تایبەتی لە كاتەكانی شەو، لە سلێمانی ئاسمان لە نێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێ، لەگەڵ ئەگەری باران بارین لە هەندێ ناوچە.
لە هەندێ ناوچە ئەگەری بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەكان بە تایبەت لە كاتەكانی شەو هەیە، لە دهۆك ئاسمان هەوری تەواو دەبێ، لەگەڵ باران بارینێكی مام ناوەند لە ناوچە شاخاوییەكان ڕێژەی باران بارینەكە زیاترە و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەكان و سەنتەری پارێزگا لە شەو بوونی دەبێ، لە كەركووك ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێ لەگەڵ ئەگەری نمەباران لە هەندێ ناوچە، بەرزترین پلەی گەرما 15 پلە و نزمترین پلەیش دوو پلەی سیلیزی دەبێت.