میوە ڕەنگ سوورەكان لە شێرپەنجە دەتپارێزن

:: PM:07:24:18/01/2018 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ چەند سوودێكی میوە ڕەنگ سورەكانی ئاشكرا كردووە و ئاماژە بەوە دەكات، كە میوەی سوور ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە بە ڕێژەیەكی زۆر كەم دەكاتەوە.

بەپێی هەواڵێك، كە لە ماڵپەڕی "cancerdefeated" دا بڵاو كراوەتەوە و باس لە سوودەكانی میوە ڕەنگ سوورەكان دەكات و دەڵێت، توێژینەوەیەكی نوێ لەلایەن چەند پسپۆڕێكی بواری خۆراكەوە ئەنجام دراوە و بۆیان دەركەوتووە، بوونی مادە دژە ئۆكسیدەكان بە رێژەیەكی زۆر لەناو پێكهاتەی میوە سوورەكاندا وای كردووە ئەو میوانە سوودێكی زۆریان بۆ تەندروستی هەبێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەش كەم بكەنەوە.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكەن ئەو میوانەی ڕەنگیان سوورە و ئاو و دەنكیان تێدایە، بە شێوەیەكی سروشتی مادەی ترشی ئالاجیك دروست دەكەن و ئەو مادەیەیش گەشەی خانە شێرپەنجەییەكانی دەوەستێنێت و لەناویان دەبات، هەر بەپێی توێژینەوەكە شەربەتی میوەكانیش بەهەمان شێوە دژی نەخۆشی شێرپەنجەن بە تایبەت شەربەتی هەنار.

پسپۆڕەكان چەند توێژینەوەیەكی تریان لەسەر مادەی دژە ئۆكسیدەكان و كاریگەرییەكانیان لەسەر شێرپەنجە ئەنجامدا و بۆیان دەركەوت، كە ئەم مادانە بەرگری جەستەت بەهێز دەكەن و سیستەمێكی بەرگری بەهێز دروست دەكەن دژ بە نەخۆشی شیرپەنجە و ناهێڵن خانەكانی بەناو جەستەدا بڵاو ببنەوە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان