خەسرۆ گۆران: پارتی زیاتر لە هەر لایەنێكی تر داوای هاوپەیمانێتی كوردی كردووە

:: PM:07:41:18/01/2018 ‌
 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، زۆر دەمانویست هەموو كورد بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بكات، بەڵام وا دەرنەچوو و هەر لایەنێك دەیەوێت بۆ خۆی بچێت و پارتیش ئەو بڕیارەی دا، كە بە تەنیا بەشدار بێت.

خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێكدا بە ''وشە''ی راگەیاند، پارتی نەیدەویست بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بێت و زۆرجاریش داوای لە لایەنەكانی تری كورد كرد، كە بە یەكلیستی كوردی بەشدار بن، بەڵام ئەوان هەر یەكێكیان بۆ خۆی رۆیشت و پارتیش ناچار بوو بە تەنیا بەشداری بكات. 

لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان 38 كورسی بوو و لە پەرلەمانی عێراقیش 28 كورسی، ئایا پارتی لەم هەڵبژاردنانەی بڕیارە ئەنجام بدرێت دەنگەكانی پارتی چۆن دەبێت؟ گۆران رای گەیاند، تا ئێستە هیچ پێشبینییەكمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵام هەموو هەوڵیك دەدەین، كە ئاوارەكان بێبەش نەبن لە دەنگدان و هەر كەس دەنگی خۆی بە ئازادانە بدات و دەنگی بە فیڕۆ نەچێت و مافی هەموو كەس مسۆگەر بیت.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دووپاتی كردەوە، ئێمە بڕیار نادەین هەڵبژاردن بكرێت یان نا، ئەمە ئیشی كۆمسیۆنە و كەی بڕیاری دا بە هاوشێوەی پارتەكانی تر دەچینە هەڵبژاردن، بەڵام ئامانجمان ئەوەبوو هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەر لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێن، چونكە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبێتە مانگی رەمەزان و دەكەوێتە چلەی هاوین و گەرمە، بۆیە دەمانەوێت ئەم هەڵبژاردنە بەر لە هەڵبژاردنی عێراق بكرێت، كە پێویستبوو مانگی تشرینی یەكەمی پار ئەنجام بدرایە، بەڵام لەبەر خیانەتەكەی كەركووك دوا خرا.

پارتی لە كەركووك بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكات، لە ناوچە كوردستانییەكانی تر بڕیاری چییە؟ خەسرۆ گۆران رای گەیاند، تا ئێستە دیار نییە پارتی بڕیار دەدات یان نا، بەڵام بریاری كەركووك بڕیارێكی سیاسی بوو و ئەو پارێزگایە هاتووتە داگیركردن و خەڵكەكەیش زۆر ئازاریان دیوە، بۆیە شەرعیەت بە داگیركاری نادەین و بایكۆتمان كرد.

بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێن، پارتیش بریاری داوە لە كەركووك بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكات.

هەولێر/ كـــاروان بـــاعەدری






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل