بەوێنە.. بڕێكی زۆر خۆراكی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا

:: PM:07:42:18/01/2018 ‌

قایمقامیەتی هەولێر ئاشكرای دەكات لیژنەكانی بەدواداچوون لەناو كۆگەیەكی شاری هەولێر توانییانە 12 تۆن، پەنیر و زەیتون و مڕەبای ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی قایمقامیەتی هەولێر وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە تیایدا هاتووە، لە كۆگەیەكی شاراوە دەست گیرا بەسەر بڕی 12 تۆن لە پەنیر و زەیتوون و مرەبای ماوە بەسەرچوو.

لە ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، لە یەكێك لە كۆگەكانی ڕێگای هەولێر -  گوێڕدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هۆبەی ئابووری دوای پشكنینی ورد لەلایەن لیژنەی پشكنینی قایمقامیەتی هەولێر دەركەوت كەلوپەلەكان ماوەبەسەرچوون، بەكەڵكی خواردن نایەن سەرجەمی گواسترانەوە بۆ زبڵخانەی كانی قڕژالە بۆ لەناوبردنیان.

قایمقامیەتی هەولێر ئاشكرای دەكات كاردانەوەی توندی یاسایی بەرانبەر خاوەنی كۆگەكە دەكرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی هەولێر لەگەڵ ئاسایشی هەولێر توانیان بڕی 25 تۆن جگەری مریشكی قەدەغە كراو دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن، كە جگەرەكە ئێرانی بوو و ڕێگە پێدراو نەبوو لە هەرێمی كوردستان ساخ بكرێتەوە.















وشە - رامیار جەواد