مۆبایلێكی نۆكیا لە جۆری 3310 بە نرخێكی خەیاڵی فرۆشرا، چونكە بە مادەی گرانبەها دیزاین كراوە و نەخشی سەرنجڕاكێشی لەسەر دروست كراوە.
بەپێی هەواڵێك كە لە ماڵپەڕی "
theverge" دا بڵاو كراوەتەوە و باس لەو مۆبایلە نۆكیایە دەكات، كە بەنرخێكی خەیاڵی فرۆشراوە و دەڵێت، كۆمپانیاییەكی ڕووسی بەبۆنەی كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆكی ڕووسیا و ئەمەریكا نموونەیەكی لە نۆكیای 3310 ی دروست كردووە لەگەڵ وێنەی سەرۆكی هەردوو وڵات و بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش و گرانبەها دیزاینی بۆ كردووە.
مۆبایلەكە لە بازارەكاندا بە نرخی دوو هەزار و 500 دۆلاری ئەمەریكی دەفرۆشرێت، چونكە مۆبایلەكە لە تێكەڵكردنی هەردوو مادەی زێڕ و تیتانیۆم دروست كراوە لەگەڵ بازنەیەك لەسەر بەشی پشتەوەی، كە لە زێڕ دروست كراوە و وێنەی ترەمپ و پۆتینی لەسەر نەخشێنراوە و لە بەشی پێشەوەیش شوێن و كاتی كۆنگرەی لوتكەی نێوان هەردوو سەرۆكی تیا نووسراوە.
بەگوێرەی كۆمپانیاكە، كە ڕوونی كردووەتەوە و دەڵێت، چەند ژمارەیەكی دیاریكراو لەو جۆرە مۆبایلە دروست كراوە، كە ژمارەیان لە 20 دانە تێپەڕ ناكات، بە ئامانجی ئەوەی وەك دیارییەكی مێژوویی بۆ دیداری هاوبەشی نێوان هەردوو سەرۆكی ڕوسیا و ئەمەریكا بمێنێتەوە.