ئەنجوومەنی شنگال داوای ئیدارەی هاوبەش لە بەغدا دەكات

:: PM:07:52:18/01/2018 ‌

دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و شەڕوانانی پەكەكە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لە شنگال بڵاو بوونەتەوە و خەریكی ئازاردانی خەڵكەكەن، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال رای گەیاند، كە شاندێكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال سەردانی بەغدایان كرد و لەگەل سەرۆك كۆمار و حكوومەتی بەغدا كۆ بوونەتەوە.

ئەمرۆ پێنجشەم 18ی كانوونی دووەم، وەیس نایف، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال بە ''وشە''ی راگەیاند، شاندێكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال سەردانی بەغدامان كرد و لەگەل سەركۆمار و حكوومەتی عێراق كۆبووینەوە و باسی ئەو پێشێلكاریانەمان كرد، كە حەشدی شەعبی و هێزە نایاساییەكان بەرانبەر خەڵك دەیكەن.

زیاتر گوتی، داوامان كرد ئێدارەیەكی هاوبەش بۆ شنگال پێك بهێنرێت و حەشدی شەعبی و هێزە نایاساییەكان وەك پەكەكە و باڵەكانی سەر بە ئەو هێزانە لە شنگال دەربكرێن، چونكە ئەوان بە هەموو رووێكەوە پێشلكاری بەرانبەر خەڵك دەكەن و رێگرن بەرانبەر گەڕانەوەی خەڵك بۆ شارۆكەكەیان.

دوای خیانەتەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، كە باڵێكی ناپاكی ناو هێزێكی كوردستان بە هاوكاری پاسدارانی ئێران كەركووكیان رادەستی حەشدی شەعبی كرد و دواتر رێگەیان بۆ  كردنەوە تا چەندان ناوچەی تریش كۆنترۆڵ بكەن لەوانە شنگال و دەشتی نەینەوا.

شنگال/ كـــاروان بـــاعەدری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل