بۆچوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەرانبەر دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق چییە؟

:: PM:08:48:18/01/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەكی نهێنی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی خستە دەنگدانەوە، بەڵام دانیشتنەكە بەهۆی ناتەواوی نیسابی یاسایی پەكی كەوت و بۆ شەموو دوا خرا، هاوكات فراكسیۆنە كوردییەكان دەڵێن، لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا نین و پێویستە لە كاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.

ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا نییە و پێویستە لە كاتی خۆیان ئەنجام بدرێن.

زیاتر گوتی، پێویستە رێز لە دەستوور بگیرێت و هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن و كاتی بەڕێوە چوونیان گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت.

لای خۆیەوە سامان فەتاح، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە چاوەڕوانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی دەكەین لە رۆژی شەمووی داهاتوو، كە بڕیارە ئەنجام بدرێت.

ئاشكرای كرد، كە لەو كۆبوونەوەیەدا سەركردایەتی حزبەكەی لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە قسە دەكات، هاوكات خۆی پێی وابوو، كە پێویستە هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن و گۆڕانكاریان بەسەردا نەیەت و دوانەخرێن، چونكە ئەوە پێشینەیەكی خراپە بۆ لێدانی دیموكراسی.

هەر لەو بارەوە  شیرین رەزا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی دیموكراسی و جێبەجێكردنی دەستوور، لەگەڵ ئەوەداین، كە هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.

دووپاتی كردەوە، كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ برایانی شیعە هاتینە دەرەوە، كە كاتی ئەوەبوو دەنگدانی نهێنی بكرێت بۆ ئەو مەبەستە.

لای خۆیەوە زانا رۆستایی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كۆمەڵ لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق نییە و لەگەڵ ئەوەداین لە كاتی خۆیاندا بێ دواكەوتن ئەنجام بدرێن.

زیاتر گوتی، لە كاتی دەنگدانە نهێنییەكەدا لە ناو پەرلەمان دەنگمان بۆ ئەوە دا لە كاتی خۆیاندا هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێن لە عێراقدا.

بڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەیەكەوە ئەنجام بدرێن و بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق بەتایبەتی سەر بە پێكهاتەی سوننە، داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكەن تا كاتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل