ساڵی رابردوو شارۆكەی پێنجوێن لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە و شارۆكەكانی سەیدسادق و شارەزوور، كەمترین رێژەی توندوتیژی دژی ژنانی تیادا تۆمار كراوە و توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش، رای دەگەیەنێت كە بچووكی سنووری جوگرافی شارۆكەی پێنجوێن و نزیكی پێوەندیی كۆمەڵایەتی و خزمایەتی هۆكاری كەمی ئەو بابەتەن.
بورهان ئەحمەد، لێپرسراوی نووسینگەی شارەزووری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2017دا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆكەكانی سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور273 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمار كراوە.
زیاتر گوتی، بەپێی ئامارەكانی بەردەستمان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە (55) حاڵەت و سەیدساق (124) حاڵەت و پێنجوێن (33) حاڵەت و شارەزوور (61) حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمار كراون و زۆرترین حاڵەتەكانی توندوتیژیش لە جۆری لێدان بوون.
لێپرسراوی نووسینگەی شارەزووری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان ئاماژەی كرد، لە شارۆكەی سەیدسادق زۆرترین و شارۆكەی پێنجوێنیش كەمترین حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمار كراون.
روونی كردەوە، هاوكات هەر بەپێی ئامارەكان، حەوت حاڵەتی سووتانی ژنان تۆمار كراوە، كە دوو حاڵەتییان خۆسووتاندن بووە، (33) حاڵەتی هەڕەشەكردن و (11) حاڵەتی لێسەندنەوەی منداڵیش لە ژنان لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە تۆمار كراون.
لای خۆیەوە پشكۆ محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی لە پێنجوێن بۆ "وشە" رای گەیاند، یەكێك لەو خەسڵەتانەی، كە بەردەوام لەناو میللەتەكەماندا رۆڵی گرنگی هەبووە لە كەمی حاڵەت و رووداوەكانی توندوتیژی، نزیكی و هەبوونی پێوەندی خزمایەتی و نزیكی بنەماڵە و خێزانەكانە لە یەكتری و شارۆكەی پێنجوێن لە رووی جوگرافی و هەڵكەوتەی شوێنەكەی تا رادەیەك بچووكە، بەو هۆیەیشەوە زۆربەی بنەماڵە و خێزانەكانی ئەم ناوچەیە كەسوكاری یەكتری و خزمن، بۆیە ئێستەیشی لەسەر بێت، پێوەندییەكی پتەوی ژن و ژن خوازی و كۆمەڵایەتی پتەو لە نێوانیاندا هەیە، هەر ئەوەیش هۆكارێكی گرنگە، بۆ ئەوەی ساڵانە ئامارەكانی توندوتیژی كەمتر بن لە ناوچەی پێنجوێن و دەورووبەریدا.
زیاتر گوتی، توندوتیژی دژی ژنان هۆكارگەلێكی (كولتووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری) لە پشتە، كە ژنان لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا لەلایەن باوك و مێرد و برا و خزم و كەسوكارەوە و رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، جگە لەوە كۆمەڵگە بە شێوازی جۆراوجۆر توندوتیژی بەرانبەر ژنان دەكان، زۆر جار بە مەرگی ژن كۆتایی دێت و نزمی ئاستی پەروەردەیی یان رۆشنبیریش، بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی دادەنرێت، كە بە چاوێكی سووك یان كەم سەیری ژنان دەكرێت.
ئەو توێژەرە ئەوەی نەشاردەوە، كە ئەمڕۆ لە رۆژگارێكدا دەژین كە بواری تەكنەلۆژیا بەرە پێش دەڕوات و لە سەرێك مایەی خۆشحاڵییە بۆ راییكردنی كارەكان بە شێوەی سانا و بێ گرفت، بەڵام لە سەرەكەی تر بۆ ژنان بووەتە نەگبەتییەكی گەورە، چونكە رێگەیەكی ئاسانە بۆ لەكەداركردنی ژنان، زۆر جاریش كاری ساختەی پێدەكەن و هەڕەشەی پێ لە ژنان دەكەن، بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 98 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانەكەی بە زیاتر لە (45) هەزار كەس دادەنرێت و پێوەندییەكی پتەوی خزمایەتی لە نێوان دانیشتوانەكەی هەیە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی