له ههموو شوێنێك بۆ ئهوهی بچیته ناو دهزگهیهك یان هوتێلێك یان مۆڵێك یان نهخۆشخانهیهك یاخود خوێندنگه و شوێنه كلتوورییهكان، یان حزب و بزووتنهوهكان، دهبێت به ڕێرشهوی پرسگهیهكی ئهو شوێنهدا بڕۆیت جا ئهو پرسگهیه چی بۆ وهرگرتنی زانیاری بێت یان بۆوهرگرتنی زانیاری و پشكنین بێت پێكهوه ههردووكیان پێویسته خاوهن شوێنهكان ئهوه بزانن، كه ئهو كهسهی لهوێ كاردهكات دهبێت له فهرمنانبهرهكانی ورهوهی زیاتر گرنگتر و ڕێكتر و قسه خۆشتر و بهڕێزتر بێت چونكه ئهو كارمهندهی پرسگه دهبێته ڕووی ڕاستهقینهی ئهو شوێنهی كهلێیهتی.
کارمەندی پرسگە ڕووکاری دەزگاکەیەتی، شکۆی شوێنی کار یا دەزگاکە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەو وەستاوە، لهم بارهیهوه د. نەسرەو مستەفا مەحموود، له لێدوانێكی تایبهتدا گرنگترین ئهو 30 خاسیەتانهی کە پێویستە لە کارمەندی پرسگە دا هەبێت بۆ "وشه"ی ئاشكرا كرد و گوتی: "ئەمانەی خوارەوە هەندێک خاسیەتی گرنگن کە پێویستە لە کەس یا (کارمەند)ی پرسگەی سەرکەوتوو دا هەبن":
1. دەم بە پێکەنین بێت.
2. خەڵکی خۆش بوێت.
3. کارەکەی خۆی خۆش بوێت.
4. شوێنی کارەکەی خۆش بوێت و شکۆی بپارێزێت.
5. "لە ئاشتیدا بێت لەگەڵ خۆیدا" ، گرێوگۆڵی نەبێت، چونکە خەڵک گوناهی نییە ببێتە قوربانی گرێوگۆڵە دەروونییەکانی.
6. لە کاری خۆی دڵسۆز بێت.
7. هەستی بەرپرسیارێتیی بەرز بێت.
8. گرنگە کەسێکی کۆمەڵایەتی بێت و خاوەن کەسایەتیەکی پێگەیشتوو بێت.
9. سەیری دەموچاوی سەردانیکەر بکات کە دەیاندوێنێت.
10. بەڕێزەوە خەڵک بدوێنێت و وەرگرێتەوە، تەنیا ئەوە نییە بە وشەی (بەڕێزم) سەردانیکەرەکان بدوێنێت بەڵام گرنگە ئەم وشەیە بە نەرمی بڵێت!.
11. ڕوون کردنەوە بە زمانێکی پاراو و سادەو ڕوون بدات بۆ سەردانیکەر، نەک سەردانیکەرەکە بکاتە قوربانیی بێدەنگی و لالێنەکردنەوە. زۆر جار سەردانیکەر قەرزبار دەکرێتەوە لەسەر شتێک کە خەتای ئەو نییە، بەڵکو دەبوایە ڕوون بکرابایەوە لەلایەن کەسی پرسگەوە.
12. ئیشێک نەکات، کە هی ئەو نییەو خۆی لە کاروباری سەردانیکەر هەڵنەقورتێنێت و خۆی نەکاتە ناو دەمەتەقێی کەسی تر لە شوێنی کارەکە کە پێوەندیی بەوەوە نییە.
13. لەکاتی هەبوونی نەقوستانی لەلایەن سەردانیکەر دەتوانێ بۆی ڕوون بکاتەوە، کە پێویستە شتە پێویستەکان بێنێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بۆی نییە، کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات کە "بۆچی نەیانهێناوە".
14. گلەیی و گازاندە کەم بکاو زیاتر ڕێنمایی و پەیڕەوەکان دووپات بکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی، کە نایزانن.
15. ئەگەر لە شوێنی خۆی نەبوو، هەقی نابێت گلەیی بکات بۆچی سەردانیکەر چوونەتە ژوورەوە بێ پرسی ئەو.
16. ئامادە بێت خۆی لە شوێنی کەسەکان دابنێت و هەستیان پێ بکات، زۆرێک لە سەردانیکەرەکان خاوەن گرفت و کێشەن یا نەخۆشن، یا پیرن، یا مەرج نیە ئاستی ڕۆشنبیرییان زۆر بەرز بێت.
17. سینگی فرەوان بێت بۆ گلەیی و گازەندەی سەردانیکەرو لەوەیش گرنگتر؛ گلەییەکان بە 'کەسی' وەرنەگرێت!.
18. وشەی (نا) کەم بەکاربێنێ، یان هەرنەهێنێ، بە شێوازێکی تر هەمان مەبەست بدات.
19. ئەگەر هەڵەیەک یا کەمتەرخەمیەک لەوەوە ڕوویدا بەرانبەر بە سەردانیکەر، بە مەبەست یا بێ مەبەست، ئامادەبێ بە سادەیی و بە ڕووێکی خۆشەوە بڵێ: (ببوورە هەقی تۆیە، ڕاست دەکەی).
20. بزانێت کە نان خواردن یا سەرقاڵ بوون بە ئینتەرنێت و فەیسبووک لەکاتی کارو کاتێک میوان و سەردانیکەر هەن شتێکی نەشیاوە.
21. خۆبەزلزان نەبێت و لە خزمەتی خەڵک دابێت.
22. نهێنیی کەسیی دایەرەو کەسەکان و سەردانیکەرەکان جوان بپارێزێت.
23. باسی کەسەکانی ناو دایەرە یا دەزگایەکەی بە خراپی نەکات بۆ سەردانیکەر، ئەگەر خراپیشیان هەبێت، ئەمە پیشەگەرێتیی بەرز دەرناخات.
24. لە هونەری پەیوەندیگرتن کارامە بێت و بزانێت چۆن لەگەڵ کەسایەتی و تەبیعەتە جۆراوجۆرەکان دا هەڵدەکات، تەنانەت ئەگەر زۆر خراپیش بن.
25. چەندی پێی بکرێ خۆی لە قڕەقڕو دەنگەدەنگ و کێشمەکێشم بپارێزێت لەگەڵ سەردانیکەر.
26. ئەگەر تووڕەیە، یان نازانێ لە کاتی تووڕەیی چۆن هەڵسوکەوت بکا باشتر وایە بە هیچ جۆرێک بیر لە کاری پرسگەیی نەکاتەوە.
27. بیرێک لە دەستەواژەی (کڕیار هەمیشە لەسەر هەقە) بکاتەوە.
28. چاوەڕێی سوپاس و ستایش نەبێت، ئەگەر سوپاسیش کرا بڵێ: (ئەوە کاری خۆمە).
29. ڕوحی چاوپۆشینی زۆر بێت و ڕوحی تۆڵەسەندنەوەی نەبێت.
30. بەڕێز بێت.. زۆر بەڕێز بێت.