به‌تۆمه‌تى گێچه‌ڵى سێكسى سێ بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبی گیران

:: PM:12:23:19/01/2018 ‌
به‌پێى سه‌رچاوه‌یه‌كى نهێنى سه‌ربازى له‌ شارۆكه‌ى دوزخورماتوو، كه‌ بۆ "وشه‌" ى ئاشكرا كردووه‌، لە ماوەی سێ رۆژی ڕابردوودا لە شارۆكەی خورماتوو سێ بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبی گیراون، به‌ تۆمه‌تى كێچه‌ڵى سێكسى به‌ هاووڵاتیانیى ئه‌وناچه‌یه‌ له‌سه‌روبه‌ندى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى كانوونى دووه‌م، به‌رپرسێكى گه‌وره‌ى سه‌ربازى له‌ هێزه‌كانى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خێرا له‌ شارۆكه‌ى خورماتوو به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند: "هێزەكانی وەڵامدانەوەی خێرا لە سێ رۆژی ڕابردوودا لە شارۆكه‌ى خورماتوو سێ بەرپرسی حەشدی شەعبی یان گرتووه‌، كە بریتین لە (حەسەن كەریم بەرپرسی عەسائبی ئەهلی حەق، عاتف نەجار بەرپرسی ڕێكخراوى بەدر، ئەحمەد ئەسعەد بەرپرسی هێزەكانی مغاویری حەشد لە  شارۆكه‌ى خورماتوو، به‌هۆى سكاڵاى هاووڵاتیانیى ناوچه‌كه‌ له‌ دادگاكانى به‌غداوه‌ فه‌رمانى ده‌ستگیر كردنیان بۆ ده‌رچووه‌، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ى (عەلی حوسێنی) یه‌وه‌، گوتەبێژی حەشدی شەعبی یه‌ لە شارۆكه‌ى خورماتوو كێشه‌كه‌یان به‌ سوڵحى عه‌شائیرى چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بابه‌ته‌كه‌ گه‌وره‌تر نه‌بێت و له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان بڵاو نه‌بێته‌وه‌".

ماوەی چەند ڕۆژێكە هێزێكی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقى بە چەكی قورسەوە لە ناو شارۆكەی خورماتوو جێگیركراون، بەبیانووی گێڕانەوەی ئارامی بۆ شارەكە، ئه‌مڕۆش وه‌ك یه‌كه‌م چالاكیان، لە بەغداوە بە لیستێك ناوی ژمارەیەك داواكراو ئاڕاستەی هێزەكانی وەڵامدانەوەی خێراكراوە و لە لایەن ئەو هێزەشەوە تا ئێسته‌ سێ بەرپرسی حەشدی شەعبی گیراون، و گومان ده‌كرێت ناوى به‌رپرسیكى كوردى حزبێكى خیانه‌تكاریشى تێدا بێت.

خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن گرووپێكی ناو یەكێتی، لە پێناوی بەرژەوەندی كەسی و دەسكەوتنی نەوت و فرۆشتنی بە قاچاخ و كۆكردنەوەی سامان لە ڕێی فرۆشتنی نەوتەوە، ئەنجام درا و ڕێ بۆ هاتنی میلیشیاكان و سوپا كرایەوە، تا بێ بەرگری بێنە ناو كەركووك و خورماتوو و خانەقین، ئەو ناوچانەیش بوونەتە ناوچەی داگیركراو و لە ئەنجامی خیانەتی ئەو گرووپەی ناو یەكێتی، 150 هەزار كەس ئاوارە بوون و سەدان خانوو و دووكانی هاووڵاتییانی كورد ڕووخێنراون و سووتێنراون، دەیان هاووڵاتیی كوردیش گیراون و ڕفێنراون.


وشە - محەمەد میران