چه‌ند ساڵێكه دزی و گه‌نده‌ڵى له كۆمه‌كى ئاواره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، جیا له‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه ناڕاسته‌وخۆ بارى هه‌رێمى كوردستان قورس‌تر ده‌كات، به‌هۆی ته‌نگژه‌ى ئابووریی ناوخۆیه‌وه، به‌ڵام لایه‌نى پێوه‌ندیدار له هه‌رێمى كوردستان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، ناتوانن لێپرسینه‌وه له‌و كه‌سانه بكه‌ن كه له‌و گه‌نده‌ڵییه تێوه‌گلاون.
دنیایه‌ك له په‌نابه‌ر
به‌پێى زانیارییه‌كانى ئه‌منیستى كه له سایتى فه‌رمى خۆى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ئێسته له دنیادا 224 ملیۆن كه‌س له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته ده‌ژین كه تێیدا له دایك بوون، 65 ملیۆن كه‌سیش به‌هۆى ململانێ و چه‌وساندنه‌وه و كاره‌ساته سروشتییه‌كان زێدى خۆیان جێ هێشتووه. ئه‌وه‌ى جێی سه‌رنجه، زۆرینه‌ی ئاواره‌كان له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستن، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌ى له ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵگیرساون.
له‌وانه‌ش سێ ناوچه‌ى گه‌وره‌ى جه‌نگ هه‌ن وه‌ك عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه، رۆژ به رۆژ ئه‌م ژمارانه له زیادبووندان، له‌گه‌ڵیشدا رێكخراوه مرۆیییه‌كان بۆ به‌هاناوه‌چوونى كۆچبه‌ر و ئاواره‌كان ده‌كه‌ونه كۆكردنه‌وه‌ى هاوكاریى مرۆیى و ناردنى هاوكاریى بۆ ئاواره‌كان. به‌ڵام هاوكارییه‌كان چۆن ده‌گات؟ هه‌ر جه‌نگ وا ده‌كات هاوكارییه‌كان دره‌نگ بگات، یان وه‌ك پێویست نه‌گات.
رێكخراوه مرۆیی و خێرخوازییه‌كان، زۆرجار بۆ گه‌یاندنى هاوكارییه‌كانیان په‌نا بۆ ده‌سه‌ڵاتى لۆكاڵى و ئه‌و رێكخراوانه ده‌به‌ن كه له‌و ناوچانه‌ن كه ئاواره‌كانى تێدا داڵده دراون، زۆر جاریش وا ده‌كات، هاوكارییه‌كان دزیى و گه‌نده‌ڵی تێ بكه‌وێت، یان هاوكارییه‌كان له برى ئاواره‌كان بگات به"ده‌سته هه‌ڵه‌كان" واته ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ مه‌به‌ستى تر هاوكارییه‌كان به‌كار بهێنن.
چیرۆكێك له سه‌دان چیرۆكى دزینى قووتى ئاواره
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى قه‌ته‌ڕ له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌ند سایتێكى عه‌ره‌بى بابه‌تێكى بڵاو كرده‌وه. ده‌كرێت ئه‌و بابه‌ته به چیرۆكێك بزانین له سه‌دان ئه‌و چیرۆكانه‌ى له دزینى كۆمه‌كه مرۆیییه‌كاندا هه‌یه. دكتۆر حه‌مه‌د ساڵح كه مامۆستایه‌كى زانكۆیه له قه‌ته‌ڕ، وتارێكى نووسیوه باس له‌وه ده‌كات كه له‌رێى كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیى ده‌وڵه‌مه‌ندى قه‌ته‌ڕ، كۆمه‌كێكى دیاریى گه‌وره‌یان كۆ كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستانى بكه‌ن، هاوكاریى ئاواره عه‌ره‌به‌كانى پێ بكه‌ن. "له 2014 پاره‌مان ره‌وانه‌ى كوردستان كردووه، به‌ڵام دواى دوو ساڵ بۆمان ده‌ركه‌وت، پاره‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌مانویست نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاواره‌كان".
ئه‌و پیاوه قه‌ته‌ڕییه بڕى پاره‌كه‌ى دیاری نه‌كردووه، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه به‌شێوه‌یه‌ك پاره‌كه هاتووه‌ته ناردن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر خێزانێكى ئاواره مانگانه 500 -600 دۆلار وه‌ربگرێت، كه‌چى هیچ خێزانێك ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه. زیاتر، ده‌ڵێ هاوكاریمان بۆ دروستكردنى قوتابخانه ناردووه تا قوتابخانه بۆ 35 هه‌زار قوتابى دروست بكرێت، كه‌چى چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك به "جه‌مه‌لۆن" دروست كراون.
پیاوه قه‌ته‌رییه‌كه له كۆتای نووسینه‌كه‌یدا ناوى ئه‌و كه‌سه ئاشكرا ده‌كات كه پاره‌كانى پێ دراوه، ئه‌ویش ده‌وڵه‌مه‌ندێكى عێراقى و كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسیى ناسراوه به ناوى (خه‌میس خه‌نجه‌ر). ئه‌م پیاوه تاكه كه‌سایه‌تیى سیاسیى عێراق نییه كه ناوى له كه‌یسى دزینى قووتى ئاواره‌كاندا هه‌بێ، به‌ڵكو چه‌ندان به‌رپرسى تر هه‌ن، له‌وانه ساڵح موتڵه‌گ جێگرى سه‌رۆك كۆمارى پێشوو و ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌ران و چه‌ندان په‌رله‌مانتار كه ناویان هه‌یه كه دزی و گه‌نده‌ڵییان له قووتى ئاواره‌كان كردووه.
27 ملیۆن دۆلار له ئاواره‌كانی یه‌ك پارێزگا دزراوه
دواجار ژماره‌ى به‌رپرسانى به‌شدار له گه‌نده‌ڵى و دزینى قووتى ئاواره‌كان هێنده زیادبوو، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق داواى له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراق كرد، كه‌یسێك بۆ ئه‌و كه‌سانه بكاته‌وه. به پێى لێدوانى فه‌رمى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراقى "ته‌نیا له مووسڵ و ئه‌نبار نزیكه‌ى 27 ملیۆن دۆلار له پاره‌ى كۆمه‌كى ئاواره‌كان دزراوه".
له چه‌ندان لێدوانى جیاوازى به‌رپرسانى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراقدا هاتووه، زۆر له به‌رپرسانى دیار له وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران و وه‌زاره‌تى بازرگانیى عێراق و هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى ئه‌نبار و مووسڵ تێوه‌گلاون، جیا له هه‌ردوو پارێزگارى ئه‌نبار كه سوهه‌یب راوى و پارێزگاى مووسڵ نوفل عاكوبه.
رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێ‌ئاگا نین
به‌رپرسانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی چه‌ندان جار دووپاتیان كردووه‌ته‌وه، "دزى له كۆمه‌كى ئاواره‌كان ده‌كرێت"، ئه‌م رسته‌یه راستییه‌كه بۆ عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن دووباره كراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست جۆرێك له مافیا دروست بوون، له په‌یداكردنى قازانجى ناڕه‌وا كێبه‌ركێ له‌گه‌ڵ جۆره‌كانى تر‌ى مافیا ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی عێراق به‌رپرسێكى "رێكخراوى به‌لجیكى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ" پێشتر گوتبووى، "چه‌ندان سكاڵامان به‌ده‌ست ده‌گات له‌وێ كه هاوكارییه مرۆیییه‌كان وه‌ك پێویست ناگه‌ن به ئاواره‌كانى عێراق، هه‌رچه‌نده رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارییه‌كى زۆر ده‌نێرن". ئه‌و به‌رپرسه به‌لجیكییه نموونه‌ى كه‌مپى تكریتى خستبووه ڕٍوو.
ئه‌وه‌ى وای كردووه ئه‌م دیارده‌یه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌یه له بارودۆخى ئه‌و ناوچانه‌دا ناكرێت و ئه‌سته‌مه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپ و لایه‌نانه بكرێت، بۆیه زۆرجار ئه‌ركى لێكۆڵینه‌وه و سزادانى تاوانباران بۆ ده‌سه‌ڵاته لۆكاڵییه‌كان جێ ده‌هێڵرێت.
كوردستان دزى لێ ده‌كرێت و ده‌سه‌ڵاتیشى نییه
له چه‌ند ساڵى رابردوودا كوردستان سه‌رووی دوو ملیۆن ئاواره‌ى له‌خۆ گرتبوو، بوونى ئه‌م ئاوارانه ئه‌ركێكى دارایى قورسى بۆ هه‌رێمه‌كه دروست كرد، بۆیه به‌رپرسانى هه‌رێم چه‌ندان بانگه‌وازیان بۆ رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌نارد تا هاوكاریى ئاواره‌كان بكه‌ن و باری ئه‌وانیش سووك بكه‌ن. كه‌چى ئه‌گه‌ر هاوكاریى به‌ناوى ئاواره‌كانى هه‌رێم هاوكاریى هاتبێته ناردن و نه‌گه‌یشتبێت، ئه‌وا حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى نه‌بووه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سانه بكات كه له ده‌ره‌وه هاوكارییان هێناوه.
به‌رپرسى یه‌كێك له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كه سه‌ربه وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراقه و پێى باش نه‌بوو ناوى بڵاو بكرێته‌وه، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، كارى بازرگانى و خراپكردنى كوالیتى كه‌لوپه‌لى كه‌مپه‌كان ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه و وه‌زاره‌تى كۆچ به ڕوونى ئاگه‌دارى ئه‌و كاره‌یه، به‌ڵام هیچ ڕێوشوێنێكى نه‌گرتووه‌ته به‌ر.
به‌رپرسى ئه‌و كه‌مپه كه له سنوورى هه‌ولێره، وێڕای ئه‌وه‌ى دووپاتى كرده‌وه، حكوومه‌تى هه‌رێم ناتوانێ لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌و دیارده‌یه بكات، ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه "كاره‌كه له سه‌رووى به‌رپرسى كه‌مپه‌كانه‌وه ده‌كرا، به‌جۆرێك له‌كاتى هاتنى ئاواره‌یه‌كى زۆر، لیژنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه ده‌هاته ناردن و به‌پێى گرێبه‌ست به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر كه‌لوپه‌ل و شوێنه‌كه جۆرێكى تر ده‌رده‌چوو".
له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانیدا ڕوونى كرده‌وه كه چه‌ندان جار وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران له گه‌نده‌ڵیى ئه‌و لیژنانه ئاگادار كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ رێوشوێنێكیان نه‌گرتووه‌ته به‌ر و كارى به‌شێكى زۆر له‌و لیژنانه‌یش هه‌ر به‌رده‌وامه. ئاماژه‌ى دا "ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ى بۆ كه‌مپه‌كان ده‌هێنران، له‌لایه‌ن گرووپێكه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرا و بۆ جۆرێكى تر ده‌هاتنه گۆڕین، زۆر جاریش نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى كۆچ ڕێیان نه‌ده‌دا كه‌سى تر به‌شدارى له كاره‌كاندا بكه‌ن".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له ده‌ره‌وه كارى دزین و گۆڕینى كوالێتى كه‌لوپه‌له‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى پێیان ناگات، كه‌چى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان له ماوه‌ى ڕابردوودا چه‌ند جارێك له چوارچێوه‌ى پشكنینى كه‌مپه‌كاندا گه‌نده‌ڵى و كارى بازرگانى له كه‌مپى ئاواره‌كاندا ئاشكرا كردووه. له ماوه‌ى ڕابردوویشدا ژماره‌یه‌ك له به‌ڵگه‌نامه كه "وشه" بڵاوى كرده‌وه، راده‌ستى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراق و وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران كراوه، به‌ڵام خۆیان لێ بێده‌نگ كردووه.
موشیر ره‌شید ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی كاروبارى یاسای له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، ته‌نیا له دوو كه‌مپى هه‌رێمى كوردستان كه سه‌ربه وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانن، پشكنینى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى سه‌ردانى كردووه و ده‌ركه‌وتووه ژماره‌یه‌كى زۆر له گه‌نده‌ڵى و كه‌مته‌رخه‌مییان تێدایه.
"له‌و كه‌مپانه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له سۆپا و خێوه‌ت و كه‌لوپه‌ل گۆڕانكارییان تێدا كراوه و به كوالیتى خراپتر دراونه‌ته ئاواره‌كان و كه‌لوپه‌له ئه‌سڵییه‌كه فرۆشراونه‌ته‌وه و گه‌نده‌ڵییان تێدا كراوه". به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیی ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد و گوتیشی "به‌نووسراوى فه‌رمى ته‌واوى به‌ڵگه‌نامه و گه‌نده‌ڵییه‌كانمان ئاراسته‌ى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراق كردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌رى، چونكه ئه‌وه پێوه‌ندى به‌وانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام تا ئێسته وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه و هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیشیان نه‌كردووه".
وه‌زیره‌كه كورده و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان به‌دواداچوون ناكه‌ن
زۆربه‌ى ئه‌و به‌رپرسه لۆكاڵییانه‌ى له عێراق له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌رپرسیارێتى یه‌كه‌م و ئه‌ركى لێكۆڵینه‌وه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆى وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق كه له‌لایه‌ن كوردێكه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت سه‌ربه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه. به‌ڵام وه‌زیر خۆی یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ى كه ناوى له كه‌یسه‌كه‌دا هاتووه.
له ژماره‌ى 216 "وشه" چه‌ندان هه‌واڵی به‌ڵگه‌نامه‌یی كه له ئه‌مینداریه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زیره ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق كراوه، بڵاو كراوه‌ته‌وه. به‌پێى به‌ڵگه‌كانى به‌رده‌ست "وشه"، به بڕى 30 ملیار دینار گه‌نده‌ڵى كراوه و وه‌زیریش خۆی نۆ ملیار دینارى بۆ خۆی بردووه.
ئه‌ندامێكى كورد له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه كه گله‌یى له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته زۆره، به‌ڵام فراكسیۆنه كوردییه‌كان به‌دواداچوونیان بۆ كارى ئه‌و وه‌زاره‌ته نه‌كردووه.
نه‌وزاد ره‌سووڵ ئه‌ندامێكى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانه له په‌رله‌مانى عێراق، به"وشه"ى ڕاى گه‌یاند، وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق نیگه‌رانى و گله‌یى زۆرى له‌سه‌ره و له‌ماوه‌ى ڕابردوودا له‌سه‌ر به‌شێك له كاره‌كانى به‌دواداچوون كراوه، خراپ ده‌رچوو.
نه‌وزاد ره‌سووڵ ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێڕاق، بۆ "وشه" گوتى، " فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان كه‌متر به‌دوادچوونیان له‌سه‌ر كارى ئه‌و وه‌زاره‌ته كردووه، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى بیستراوه، ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌و وه‌زاره‌ته گله‌یى و نیگه‌رانى زۆرى له‌سه‌ره".
هه‌رچه‌نده به‌شێكى زۆر له ئاواره‌كان له هه‌رێمى كوردستان بوون، هه‌ر كه‌موكوڕییه‌كیش له هاوكارییه‌كان كاریگه‌ریى ناڕاسته‌وخۆى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت، كه‌چى نه‌وزاد ره‌سووڵ پێی وایه "پرسه‌كه تایبه‌ت نییه به هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵكو ئه‌و وه‌زاره‌ته له به‌غداش گله‌یى له‌سه‌ره و پێویسته به‌دواداچوون بۆ كاره‌كانى بكرێت".
له هه‌ولێر ته‌نیا یه‌ك رێكخراوى لۆكاڵى داخراوه
له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر لیژنه‌یه‌ك هه‌یه به‌ناوى لیژنه‌ى كاروبارى ئاواره‌كان، ڤیان ره‌شید سه‌رۆكى ئه‌م لیژنه‌یه‌یه له‌باره‌ی به‌دواداچوون بۆ كاری رێكخراوه‌كان، به" وشه"ی راگه‌یاند، "كارى لیژنه‌كه‌ى ئێمه ئه‌وه نییه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و رێكخراوانه بكات، جیا له‌مه‌ش ئه‌وه‌ى ده‌بیسترێت جیایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به به‌ڵگه هه‌یه، زۆرشت ده‌گوترێت، به‌ڵام به‌ڵگه‌مان له ده‌ست نییه".
ڤیان دووپاتى ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان له لیژنه‌كه‌یان ناتوانن به‌دواداچوون بۆ هه‌ر پاره‌یه‌ك بكه‌ن كه له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه دێت. زیاتر ده‌ڵێ، "ته‌نیا ده‌توانین لێپرسینه‌وه له رێكخراوه لۆكاڵییه‌كان بكه‌ین".
ڤیان دووپاتی ده‌كاته‌وه كه، "من خۆم رێكخراوێكى لۆكاڵیم داخست كه پاره‌ى له ئاواره‌كان وه‌رگرتبوو، گوتبووى ناسنامه‌تان بۆ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى هاوكاریتان پێ بدرێت".
كوردستان ئاواره وه‌رده‌گرێت و عێراق قازانجه‌كه‌ی ده‌خوات
له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردووی شه‌ڕی داعشدا، به‌رزترین ژماره‌ی ئاواره له كوردستان گه‌یشته دوو ملیۆن و 22 هه‌زار كه‌س، زۆرینه‌ی پارێزگاكانی مووسڵ، ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌دین، رۆژئاوای كه‌ركووك دیاله چۆڵ بوون و روویان له كوردستان كرد، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك له شه‌قام و بازگه‌كاندا مانه‌وه و رێگه‌ی چوونه به‌غدایان پێ نه‌درا. به‌ڵام هه‌رچی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو له‌باره‌ی ئاواره‌كانه‌وه، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق یان نوێنه‌ری عێراق به‌شداری تیادا ده‌كرد و دواتریش كۆمه‌كه‌كه كه ده‌یان ملیار دۆلار و ده‌یان ملیۆن یۆرۆ بووه چووه‌ته‌وه ناو كیسه‌ی عێراق، بێ ئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی لێ بدرێت كه راسته‌وخۆ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و ته‌ناهیی و كاره‌با و ئاوی بۆ كه‌مپه‌كان دابین ده‌كرد.
عێراق به‌وه‌یشه‌وه نه‌وه‌ستا، هه‌ر له‌و دۆخه سه‌خته‌دا، به‌شه ده‌رمانی كوردستانی كه‌م كرده‌وه و ئه‌وه‌یش وای كرد زۆرجار كێشه‌ی نه‌بوونی ده‌رمان له نه‌خۆشخانه‌كانی ناوشاره‌كانی كوردستانیش دروست ببێت. دوای ئه‌وه‌ی له شوباتی 2014ه‌وه بودجه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی به ته‌واوی بڕی بوو. ئێسته‌یش كه سه‌رووی ملیۆن ئاواره له كوردستان ماوه، دۆخه سه‌خته‌كان و بێ باكی عێراق له هاووڵاتییانی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست كه سونه مه‌زه‌ون، به‌رده‌وامه.
وشه/سه‌رخێل هاشم-فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل