كۆكاكۆلا دەبە پلاستیكییەكانی ریسایكلین دەكاتەوە

:: AM:10:06:20/01/2018 ‌

كۆمپانیای كۆكاكۆلا كە بە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی خواردنەوە گازییەكانی دنیا هەژمار دەكرێت، دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٣٠ هەموو ئەو دەبە پلاستیكییانەی بەرهەمی هێناوە، ریسایكڵ بكاتەوە. ژینگەپاریزێكیش دەڵێت دەبێ كۆكاكۆلا هەوڵ بدات كەمترین دەبەی پلاستیكی بەرهەم بهێنێت تا ئەوەی دووبارە ناچار بێت ریسایكڵیان بكاتەوە.

كۆكاكۆلا دانی بەوە ناوە كە رۆڵی هەبووە لە پیسكردنی ژینگە و باسی لەوە كردووە هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بە كەمترین رێژە ببێتە هۆی پیسكردنی ژینگە.

ئەو كۆمپانیایە سەرووی ٥٠٠ جۆر خواردنەوە بەرهەم دەهێنێت و ناوی "دنیایەكی بێ زبڵ"ی لە پڕۆژەكەی ناوە.

جیمز كوئینسی بەڕێوەبەری گشتیی كۆكاكۆلا دەڵێت، دنیا لە بەردەم مەترسی پیسبوونی ژینگەدایە و كۆكاكۆلاش رۆڵی هەبووە لەو دەرەنجامە.

هاوكات تیشا براون لە چالاكانی ژینگەپارێزی پێی وایە، هەندێك كۆمپانیای گەورەی وەك كۆكاكۆلا بەردەوام رۆڵیان هەبووە لە پیسكردنی ژینگە و پێویستە ئەو كۆمپانیایانە ئەو جۆرە بەرهەمانە نەخەنە بازاڕەوە كە دەبنە هۆی پیسكردنی ژینگە و پێداچوونەوە لە بەرهەمهێنانیان بكەن.

سەرچاوە/بی بی سی






وشە - سلێمان تاشان