قۆناغی مێرمنداڵی بۆ تەمەنی 24 ساڵیی بەرز بووەتەوە

:: AM:11:46:20/01/2018 ‌

لەم سەردەمەدا كە قۆناغی خوێندن درێژە دەكێشێت و هاوسەرگیریش درەنگتر روو دەدات، ئەم پرسیارە لە ئارادایە ئایا دەبێت خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ قۆناغی مێرمنداڵی بكرێت یان نا. زانایان دەڵێن پیشتر پێمان وابوو قۆناغەكە لە ١٩ ساڵی كۆتای پێ دێت، بەڵام ئێستە لە نێوان ١٠ تا ٢٤ ساڵیدایە.

بڵاوكراوەیەكی زانستیی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان لە لێكۆڵینەوەیەكدا بە پێویستی زانیوە خوێندنەوەی نوێ بۆ قۆناغەكانی تەمەن بكرێت و یاساكانی پێوەندیداریش بەگوێرەی ئەم خوێندنەوەیە گۆڕانكارییان بەسەر بێت. هەڵبەت بەشێك لە لێكۆڵەرەوانیش دژایەتی خۆیان بۆ بەرزكردنەوەی تەمەنی مێرمنداڵی راگەیاندووە و دەڵێن كۆتای مێرمنداڵی سنووردارە و ناكرێت.

باڵغبوون كاتێك دەست پێ دەكات كە بەشێك لە مێشكی مرۆڤ كە بە هیپۆتالامۆس ناسراوە، پەیامێك بۆ هیپۆفیز و ئەندامەكانی زاوزێ دەنێرێت كە دەست بە دروستكردنی هۆڕمۆنەكان بكات و ئەم پرۆسەیەش گۆڕانكارییەكی زۆر لە رووخسار و رەفتارەكانی كەسەكەدا دەكات.

باڵغبوون لە قۆناغی مێرمنداڵیدا روو دەدات و قۆناغێكی گواستنەوەیە لە منداڵییەوە بەرەو گەنجبوون و جگە لە رەفتارەكان، ئەرك و بەرپرسیارێتیش گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.

لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا كە خزمەتگوزاریی تەندروستی و جۆری خۆراك گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و باڵغبوونی مرۆڤی پێش خستووە، لە هەمان كاتدا تەمەنی بەرپرسیارێتی و لە ئەستۆگرتنی ئەركی گرینگیش درێژ بووەتەوە.

لێكۆڵەرەوان دەڵێن گەشەی مێشكی مرۆڤ لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا ناوەستێت، بەڵكو چەند ساڵیكی تری دەوێت تا مێشك تەواو بێت و زۆر كەس لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ددانی عەقڵیان دێت.

باڵغبوون بەگوێرەی كۆمەڵگەكانیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، كە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێشتر كوڕان لە ١٦ ساڵیدا باڵغ دەبوون، ئێستە لە ١٢ ساڵیدا باڵغ دەبن و تەمەنی باڵغبوونی كچانیش لە ١٤ ساڵی بۆ ١٠ ساڵی كەم بووەتەوە.

سەرچاوە/بی بی سی



وشە - سلێمان تاشان