پەكەكە لە هەورامان باج لە كۆڵبەران وەردەگرێ

:: PM:12:47:20/01/2018 ‌

پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" هێزێكی ڕەوانەی شاخەكانی هەورامان و سەر ڕێی مەرزی لاوەكی "سیپە" كردووە و لە گوندی دەرەیمەڕی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بازگەیان داناوە باج لە كۆڵبەران وەردەگرن كە لە مەرزی لاوەكی سیپە بازرگانی لە نێوان ئێران و كوردستان دەكەن.

كەمال محەمەد یەكێك لەو هاووڵاتییانەی بە وڵاخ كەلوپەل لە مەرزی سیپە هاوردە و هەناردە دەكات، بۆ "وشە" گوتی، سێ ڕۆژە ژمارەیەك چەكداری پەكەكە هاتوونەتە سنوورەكە و لەسەر ڕێی گەیشتن بە مەرزی سیپە بازگەیان داناوە و داوای باج و سەرانەمان لێ دەكەن.

زیاتر گوتی، یەكەم ڕۆژ كە بازگەیان دانابوو، ئاگەداریان كردینەوە كە لە سبەیەوە پارەمان لێ وەردەگرن، بۆیە ماوەی دوو ڕۆژە دەستیان بە وەرگرتنی پارە لە خاوەن وڵاخەكان كردووە، بەهۆی بازگەكەی پەكەكە و وەرگرتنی باج لەلایەن پەكەكەوە، ماوەی دوو ڕۆژە مەرزی لاوەكی سیپە داخراوە.

ئاماژەی دا، چەكدارانی پەكەكە لەو بازگەیەی دایانناوە، لە بەرانبەر تێپەڕینی هەر وڵاخێك بڕی 50 هەزار تمەن واتە 15 هەزار دیناری عێراقی وەردەگرن، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئێمە بۆ گواستنەوەی هەر بارێك لە هەر وڵاخێك بڕی 100 هەزار تمەن وەردەگرین كە دەكاتە 28 هەزار دیناری عێراقی، دەبێ 15 هەزاری بە پەكەكە بدەین.

مەرزی سیپە لە گوندی دەرەیمەڕەی سەر بە ناوچەی هەورامان و سنووری شارەدێی بیارەی سەر بە شارۆكەی هەڵەبجەیە و یەكێكە لە مەرزە لاوەكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژانە 800 وڵاخ لەو مەرزە هاتوچۆ دەكەن، پەكەكە بۆ هەر وڵاخێك 15 هەزار باج وەردەگرێ، كۆی گشتی دەكاتە 12 ملیۆن دینار، بە داخستنی مەرزەكەیش چوار هەزار كەس لە سنوورەكە بێكار دەبن.

مەروان باقی یەكێك لەو هاووڵاتییانەی كە بە وڵاخ بار لە مەرزەكە دەگوازێتەوە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەو چەكدارانە لە ناوچەكەن و من خۆم شەش چەكداریانم بینی، هاوڕێی ترم ڕۆیشتوون 13 چەكداریان بینیوە و بە وردی نازانرێ ژمارەیان چەندە، لە بەرانبەر ئەو بازگەیەشی دایانناوە، بەڕێوەبەری شارەدێی و پاسەوانی سنوومان لی ئاگەدار كردووەتەوە، ئێمە چووین قسەمان لەگەڵیاندا كردووە، ئەوان بەهیچ شێوەیەك ئامادە نین ناوچەكە جێ بهێڵن و بازگەكە هەڵبگرن.

حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە لەوبارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پەكەكە لەسەر ڕێی هاتوچۆی كۆڵبەر و وڵاخداران بازگەی داناوە، پاش ئەوەی كاسبكاران ئێمەیان ئاگەدار كردەوە، ئێمەیش لەگەڵ پاسەوانی سنوور قسەمان كردووە، تا لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە قسە بكەن و ناوچەكەیان پێ چۆڵ بكەن و ڕێگری لە كاسبكاران نەكەن.

هەڵەبجە/سەلام هانەدنی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د