پۆست و پارەیان پێشكەش دەكەن
باڵی بنەماڵە كەسانی سەر بە باڵەكانی تری ناو یەكێتی دەكڕنەوە


  
لە مانگی ئابی ساڵی 2016وە ململانێی باڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی دوو كەس لە گەرمیان خۆیان بە بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەكە بزانن، سەرچاوەیەكی تایبەتیش دووپات لەوە دەكاتەوە، باڵی بنەماڵەی یەكێتی خەریكی كڕین و هێنانەڕیزی ئەو كەسانەن كە لە باڵەكانی ترن و كۆسپیان لەبەردەم دروست دەكەن.

 عەمید عەلی محەمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان، لە مانگی ئابی 2016 بە فەرمانی باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی، بەهۆی ئەوەی سەر بە باڵی ناوەندی بڕیار بوو، لە پۆستەكەی دوورخرایەوە و لیوا نەوشیروان ئەحمەدی سەر بە باڵی بنەماڵە لە شوێنەكەی دانرا، بەڵام ئەو ڕەتی كردەوە و بەردەوام بوو لەسەر ئەركەكەی وەك بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان و لیوا نەوشیروان ئەحمەدیش وەك بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان مامەڵەی دەكرد.

سەرچاوە تایبەتەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێشتر كەسانی یاسایی لە بواری سەربازی و هەروەها ئاسایشەكانی ناوچەی گەرمیان، بەهۆكاری ئەوەی لیوا نەوشیروان ئەحمەد پلەكەی لیوا بوو، زیاتر ناوبراویان بە بەڕێوەبەری یاسایی ئاسایشی گەرمیان ناو دەبرد.
 
عەلی محەمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، خۆی بە بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەكە دەزانێ و دەستبەرداری پۆستەكەشی نابێت. ئەو گوتبووی "من لە ئەڵمانیا بووم كە كەسی تر خراوەتە جێگەكەم."
 
پێوەست بەو كێشەیە سەرچاوە تایبەتەكەی "وشە" زانیاری نەبیستراوی دركاند لەبارەی بەرزكردنەوەی پلەی عەمید عەلی محەمەد بۆ لیوا، زانیارییەكەش ئەوەیە، عەلی محەمەد شاسوار زیاتر لە ساڵێك هەوڵی ئەوەی دا ماڵباتی تاڵەبانی ببینێ، بەڵام رێی پێ نەدەدرا و كارئاسانی بۆ نەدەكرا، سەرئەنجام چەند كەسێكی نزیك لە قوباد تاڵەبانی و لاهوور شێح جەنگی دیدارەكەیان رێكخست.

پاش چەند رۆژێك لەگەڵ پلەبەرزكردنەوەی دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سنووری پارێزگای سلێمانی، پلەكەی عەلی محەمەدیش گۆڕا بۆ لیوا، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بەرزكردنەوەی پلەی عەمید عەلی محەمەد بۆ لیوا، هەوڵێكی بنەماڵەی تاڵەبانییە بۆ كەسب كردنی ئەو كەسایەتییە بۆ نێو باڵی بنەماڵە و دوورخستنەوەی لە باڵی ناوەندی بڕیار، بەتایبەت كەسانی نزیك لە مەحموود سەنگاوی و بەرهەم ساڵح، بەڵام پێشبینی دەكرێ، گرفتەكانی ئاسایشی گەرمیانیش قووڵتر ببێتەوە، چونكە تا ئێستەیش دوو بەڕێوەبەری هەیە.

بەگوێرەی نووسراوی پلەبەرزكردنەوەی عەمید عەلی محەمەد، ناوبراو لە بەرانبەر بەرزكردنەوەی پلەكەی، پۆستەكەیشی وەك بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان ئاماژەی پێ دراوە، سەرچاوە تایبەتەكەی "وشە" بە دووری نەزانی، لە ئەگەری چوونی عەمید عەلی بۆ باڵی بنەماڵە، لە پۆستی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان بیهیڵنەوە، چونكە ئامانجی بنەماڵە دانانی كەسێكی سەر بەخۆیانە لەو پۆستە، نەك ئەوەی كە عەمید عەلی كەسێكی كەمتەرخەم و باش نەبووبێ، بۆیە ئێستەیش كە ببێتە یەكێك لەوان، ئاسایییە لە شوێنی خۆی بیهێڵنەوە.
 
گەرمیان / سەبری هۆرینی




وشە - سلێمان تاشان


PM:01:32:20/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 5436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌