بەرپرسێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای كرد، یەكگرتوو نەبووەتە پاشكۆی گۆڕان و كۆمەڵ و بە فیتی هیچ وڵاتێكیش سیاسەت ناكات و بڕیار نادات، خاوەنی بڕیار و سیاسەتی خۆیەتی.
مستەفا عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، یەكگرتوو تا ئێستە تەنیا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كشاوەتەوە و كشانەوەی لە حكوومەتی خۆجێی پارێزگاكان بەركەوتەی هەڵبژاردنێكی ترە و تا ئێستە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە.
لەبارەی داوای دوو حزب بۆ ڕووخاندنی حكوومەت و هەڵوێستی یەكگرتوو لەسەر ئەو پرسە دوای كشانەوەی لە حكوومەت، ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو گوتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا حكوومەت و پەرلەمان كۆ دەبنەوە و ڕۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری دەكرێ، ئێستە كە چەند مانگێك بۆ هەڵبژاردن ماوە، ڕووخانی حكوومەت هیچ مانایەكی نییە، هەر كاتێكیش كاتی هەڵبژاردن دیاری بكرێ، ئەو حكوومەتەی ئێستە دەبێتە كاربەڕێكەر.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لەبارەی پاشكۆبوونی ئەو حزبە بە سیاسەتەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و كاریگەریی وڵاتان بەسەر بڕیاری حزبەكەوە، گوتی یەكگرتووی ئیسلامی حزبێكی سەربەخۆیە و پاشكۆیەتی هیچ كەس قبووڵ ناكات تا پاشكۆیەتی گۆڕان و كۆمەڵ قبووڵ بكات، بەڵكو ئێمە دنیابینی خۆمان هەیە و ئەو موزایەدەی بەرانبەر یەكگرتوو كرا، گوایە پاشكۆی دەسەڵاتە دوور بوو لە ڕاستییەوە، ئێمە چی بەباش بزانین ئەوە دەكەین.
ئاماژەی دا، ئێمە قسەی هیچ وڵاتێكی نێودەوڵەتی و هەرێمیمان بەسەردا جێبەجێ ناكرێ، خۆمان سیاسەتی خۆمان هەیە و بە دیدگە و بۆچوونەكانی خۆمان سیاسەت لە كوردستاندا دەكەین.
ئەو هەڵوێستەی یەكگرتووی ئیسلامی لە كاتێكدایە، پێشتر بە پیلانی بەغدا و وڵاتێكی دراوسێ كۆمەڵ و گۆڕان لە حكوومەت كشانەوە و داوای ڕووخاندنی حكوومەت و دامەزراندنی حكوومەتێكی تریان دەكرد، ئامانجیشیان ئەوەبوو كە حكوومەتی نوێ خۆیان پێكی بهێنن و پیلانەكەی بەغدا لە كوردستان سەركەوتوو بكەن.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی