ته‌نگژه‌ی دارایی و ناكۆكییه سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر جیاوازی له نێوان زه‌ماوه‌ندی ئێسته و جاران دروست كردووه و به‌ساڵاچووه‌كان ده‌ڵێن، جاران زه‌ماوه‌نده‌كان شه‌ش رۆژ و شه‌ش شه‌وی ده‌خایاند، ئێسته بووه‌ته سه‌عاتێكی بێده‌نگ.
سه‌ید محه‌مه‌د رێكانی به‌ساڵاچوویه‌كی شاره‌دیێی شێلادزێ سه‌ر به شارۆكه‌ی ئامێدییه، ده‌ڵێ كه شه‌ڕی داعش و ته‌نگژه‌ی دارایی كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی زه‌ماوه‌نده‌كان كردووه و ئه‌مه وێڕای ده‌ربڕینی خۆشی و زه‌وقی زه‌ماوه‌نده‌كانیش گۆڕاوه.
زیاتر گوتی له كاتی ئێمه، به بیرم دێ له گونده‌كه‌مان زه‌ماوه‌ند بۆ شه‌ش بووك و شه‌ش زاوا پێكه‌وه ده‌كرا و بۆ ماوه‌ی شه‌ش رۆژ و شه‌ش شه‌و زه‌ماوه‌نده‌كه به‌رده‌وام ده‌بوو، خۆم له زه‌ماوه‌ندێكی ئاوادا له‌گه‌ڵ پێنج كه‌سی تری گونده‌كه‌مان پێكه‌وه هاوسه‌رگیریمان كردووه و شه‌ش ڕۆژ و شه‌ش شه‌و زه‌ماوه‌ندمان كردووه كه به‌ڕاستی زه‌ماوه‌ندێكی ئه‌وه‌نده خۆش بوو، ناتوانم له یادی بكه‌م. خۆشییه‌كه‌ی زیاتر له‌وه‌دا بوو، دوور له موزیك، گۆرانییه‌كان به ده‌م ده‌گوتران و كه‌سانی شاره‌زا بوون بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ، گۆرانی ده‌گوتران، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی گورانییه‌كان، به‌ڵام داوه‌ت و زه‌ماوه‌نده‌كانی ئێسته، خۆی له سه‌عاتێكی بێده‌نگ ده‌بینێته‌وه.
به‌پێی قسه‌كانی سه‌عید محه‌مه‌د گه‌نجه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌رگیز ناتوانن ڕۆڵی خۆیان وه‌ك گه‌نجی جاران بگێڕن.
مێهڤان بێزه‌لی گه‌نجێكی سنووری شارۆكه‌ی ئامێدییه به "وشه"ی گوت، ئێسته له هه‌ر ماڵێكی كورد، كه‌سێك هه‌یه كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه شه‌هید كراوه، به تایبه‌تی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان، ئه‌مه بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی خۆشی و شادی له نێو زه‌ماوه‌نده‌كان نه‌مێنێ و به‌شێوه‌یه‌كی رۆتینی به‌ڕێوه بچن.
سه‌فه‌ر شاجی ئه‌ویش گه‌نجێكی تری ناوچه‌كه‌یه ئه‌و ده‌ڵێ، ته‌نگژه‌ی دارایی و ناكۆكییه سیاسییه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌واندنه‌وه‌ی خۆشی و قه‌ره‌باڵغ له ناو زه‌ماوه‌نده‌كان كردووه و زیاتر له هه‌ڵكه‌وتێكی كومه‌ڵایه‌تی بێده‌نگ بچێت، پێم وایه كاتی ئه‌وه هاتووه زه‌ماوه‌نده‌كان به‌بێ ده‌نگی به‌ڕێوه بچن و زه‌ماوه‌نده‌كان زیاتر ئاهه‌نگێكی یه‌كترناسین ده‌چێت، دوای ئه‌وه كه پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵاتییه‌كان به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی په‌رته‌وازه و به‌ربڵاو بوون.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ئه‌مساڵ له سنووری شارۆكه‌ی ئامێدی نزیكه‌ی 150 زه‌ماوه‌ند ئه‌نجام دراون.
ئامێدی ، نه‌وزاد هلۆری.