كورد لە پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق پارچە پارچەیە

:: PM:05:25:20/01/2018 ‌

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كوردی كردەوە بە دوو بەش و ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، كورد بۆ پرسی بودجە یەك دەنگە، بەڵام بۆ پرسی هەڵبژاردنەكان هاوئاهەنگ نییە.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی دووەم، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی راگەیاند، راستە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كورد بەشێكی لە ژوورەوە مایەوە و نەهاتە دەرەوە و بەشێكی كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و هاتە دەرەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هیچ كۆدەنگییەك لە نێوان ئەندامان و فڕاكسیۆنەكان و ئەندامان لە فڕاكسیۆنیە كوردییەكان نییە، چونكە هەر ئەندامێك خۆی بڕیار دەدات كە بەشداری دانیشتنەكە بكات یان بێتە دەرەوە و دانیشتنەكان جێبێڵێت.

جاف زیاتر گوتی، ڕۆژی دووشەم دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام دەبێت بۆ پرسی هەڵبژاردنەكان، بۆیە كورد بۆ پرسی بودجە كۆدەنگی هەیە، بەڵام بۆ پرسی هەڵبژاردنەكان كۆدەنگی نییە.

لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەستنیشان كرابوو، لایەنەكانی سوننە دووپاتی دەكەنەوە دەبێت هەڵبژاردن دوا بخرێت، كەچی زۆرێك لەلایەن شیعەكانیش پێداگریی لەسەر ئەوە دەكەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆی بكرێت و وا چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی دووشەم دوایین هەوڵی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە.




وشە - رامیار جەواد