لیژنەی وردبینی مووچەی بەغدا سەردانی فەرمانگەكانی هەرێم دەكات

:: PM:05:59:20/01/2018 ‌

بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیژنەی وردبینی مووچە كە لە بەغداوە دێنە هەرێمی كوردستان، سەردانی چەند فەرمانگە و دامەزراوەیەكی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ دڵنیابوونەوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی دووەم، ڤیان حوسێن ئەندامی لیژنەی گفتوگۆ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، لیژنەكەی بەغدا بۆ وردبینی و سەردانیكردنی فەرمانگە و یەكە داراییەكان، لەم هەفتەدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دوای كۆبوونەوە لەگەڵ ئێمە بە ئارەزووی خۆیان سەردانی دامەزراوەیەك دەكەن.

ئەندامەكەی لیژنەی گفتوگۆ بۆ مووچەی فەرمانبەران دەڵێت، دەنگۆی بوونی ناوی دووبارە و ناوی ناڕوون لەو لیستانەی ئێمە رادەستی بەغدامان كردووە، دوورە لە راستییەوە و هیچ كێشەیەك لە لیستەكە نییە.

ڤیان ئەوەی ئاشكرا كرد لە گفتوگۆكانیش لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بەغدا هیچ تێبینییەكیان نەبووە لەسەر لیستی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی ئێمە پێمان داون وەك وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە.

رۆژی چواری كانوونی دووەم، لیژنەییەكی هەرێمی كوردستان بۆ بردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەل بەرپرسانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرد.




وشە - رامیار جەواد