لە خورماتوو میليشیاكان لە پێشێلكاری بەرانبەر بە كورد بەردەوامن

:: PM:07:06:20/01/2018 ‌

چەند سەرچاوەیەك لە سنووری شارۆكەی خورماتوو ئاشكرایان كرد كە هەڵهاتنی زیندانیانی سەر بە میلیشیاكان و هاوكات گرتن و بێ سەروشوێنكردنی كوردان لە شارۆكەكە بەردەوامی هەیە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو لەوبارەوە بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو چەكدارێكی سەر بە گرووپی "عەسائبی ئەهلی حەق"، لە گرتووخانەی پۆلیسی شارۆكەكە هەڵاتووە پاش ئەوەی هەفتەی پێشتر بە تاوانی كوشتن گیرابوو كە ئەو چەكدارە ناوی (ئەحمەد عەلی)ە و توركمانێكی شیعەیە.
 
لای خۆیەوە محەمەد فایەق، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی شارۆكەی خورماتوو هەواڵەكەی بۆ "وشە" پشتراست كردوە و ئاشكرای كرد ئەو تاوانبارە نەگیراوەتەوە.
 
هاوكات ئاسایشی شارۆكەی دوزخورماتوو ئاشكرای كرد كە رفاندنی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی میليشیا شیعەكان بەردەوامی هەیە و عەقید كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، جگە لە ناوەوەی خورماتوو، بەشێك لە دەروازەكانی شارۆكەكەیش وەك گوندی قەڵەمە و ناوچەكانی نزیك لە شارەدێی زینانەی نێوان كفری و خورماتوو كە لەژێر دەستی میلشیاكاندان، رفاندن تیایاندا بەردەوامە.
 
زیاتر گوتیی، ماوەی دوو رۆژە لەو سنوورە چوار هاووڵاتی كورد رفێنراون كە ئافرەتێك و سێ پیاو بوون و ئەوان بۆ كۆكردنەوەی ئاسن و فافۆن لە دەشتەكاندا چووبوون، بەڵام ئافرتەكە ئازاد كراوە.
 
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو روونی كردوە، ئەگەرچی لەلایەن هەندێك بەرپرسی لایەنێكەوە هەوڵ هەیە تاوانی رفاندنی ئەو هاووڵاتییانە بخرێتە ئەستۆی ئاڵا سپییەكانەوە، بەڵام ناوچەكە میليشیا شیعەكانی لێیە.
 
پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی پار لەلایەن باڵێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، كە بووە هۆی كەوتنە دەستی خورماتوو و كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان بۆ كۆنترۆڵی میليشیا شیعەكان، ئەوان  لە سنووری خورماتوو دەستیان بە ئەنجامدانی تاوان كردووە، كە سەرباری ئاوارەبوونی هەشت هەزار ماڵبات، گەڕەكە كوردییەكانیان خاپوور كردووە.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل