مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە مووسڵ بەردەوامە

:: PM:07:32:20/01/2018 ‌

رۆژنامەی مەدای عێراقی لە ژمارەی ئەمرۆیدا ئاشكرای دەكات كە سەرەڕای گرتنی زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی داعش لە دوای ئازادكردنی تەواوی پارێزگای نەینەوا، بەڵام ئەوەیان مەترسیی رێكخراوەكەی كەم نەكردووەتەوە.

رۆژنامەكە لەو بارەوە رای گەیاند، لە دوای مانگێك لە راگەیاندنی ئازادكردنەوەی تەواوی عێراق لە رێكخراوی داعش، تا ئێستەیش تیرۆریستان توانای ئەوەیان هەیە كە كۆنترۆڵی چەند ناوچەیەكی مووسڵ بكەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە سنوورەكانی سووریا نزیكن.

رۆژنامەكە لە واسق حەمدانی فەرماندەی پۆلیسی نەینوای گواستەوە كە زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی داعش لەوەتەی ئازادكردنەوەی دووەم گەورە شاری عێراق لە 10ی تەمووزی رابردووەوە گیراون.

لای خۆیەوە عەبدورەحمان لویزی، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگای نەینەوا رای گەیاند، بەپێی زانیارییەكان چەندان ناوچە لە باشووری مووسڵ رووبەڕووی هێرش  هاتوونەتەوە، هەروەها هاووڵاتییانی لەناو مووسڵ كوژراون یان رفێنراون و پارەیان لێ وەرگیراوە كە بەشێك لە ئەنجامدەران جلی سەربازیان پۆشیوە.

زیاتر گوتی، زۆرینەی ئەو هێرشانە لەلایەن ئەندامانی رێكخراوی داعشەوە ئەنجام دەدرێن كە لە ناوچەی جەزیرە لە باكوری حەزەر بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر و شارەدێی عەیازییە و تەلعەبتە و سنووری پارێزگای ئەنبار ماون. 

لویزی روونی كردەوە، راستە ناوچەكان لە داعش رزگار كراونەتەوە، بەڵام پاشماوەی داعش لەناو نەبراوە، بۆیە هەمان دۆخی بەر لە كەوتنی مووسڵ لە 2014 لەو پارێزگایە دووبارە دەبێتەوە.

رێكخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014 توانی شاری مووسڵ و چەند شارێكی تری عێراق داگیر بكات و دەوڵەتی خیلافەتیان تیادا رابگەیەنێت، بەڵام لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی شارەكە دەستی پێ كرد و دوای نۆ مانگ ئازاد كرایەوە.

سەرچاوە: بەغداد تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل