ئەم هەفتەیە پەرلەمان و كۆمسیۆن كۆ دەبنەوە

:: PM:08:24:20/01/2018 ‌

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان لیژنەیەكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی دووەم، دلێر مستەفا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەك لە نێوان كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتیی گوتی، لەو كۆبوونەوەیە گفتوگۆ لەسەر ئامادەسازییەكان بۆ پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران دەكرێت لەگەڵ كۆمسیۆن كە ئەو كۆبوونەوەیەیش لە رۆژی سێشەم لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

كۆبوونەوەكە بەشێكی تایبەت دەبێت لەسەر وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كە كەی كۆمسیۆن بەپێی توانای خۆیی و بەبێ‌ هیچ پاڵەپەستۆیەك دەتوانێت هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدات، دلێر وای گوت.

بڕیارە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و پێشبینی دەكرێت لە مانگی نیسان هەڵبژاردنەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان بكرێت و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوە دەچێت.



وشە - رامیار جەواد