بەرپرسێكی باڵای یەكێتی وازی هێنا

:: PM:09:10:20/01/2018 ‌

بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان دوای 26 ساڵ خەبات لە ریزی حزبەكەی، دەستلەكاركێشانەوەی لە یەكێتی رادەگەیەنێت و دەڵێت، خراپیی ئەو دۆخەی لە ناوچە جێناكۆكەكان هەیە هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەیەتی.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی دووەم، حەسەن بارام جێگری مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، من بۆ دەستلەكاركێشانەوەكەم هیچ پاڵەپەستۆیەكم لەسەر نەبووە، بەڵكو خۆم بڕیاری كشانەوەم داوە لە یەكێتی بۆ ئەوەی وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی لەگەڵ ئازاری هاووڵاتییانی سنوورەكە بم.

ئەو بەرپرسەی پێشووی یەكێتیی گوتی، ئەو دۆخە خراپەی لە سنوورەكەدا هەیە هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەی منە، چونكە لەو سنوورە هاووڵاتییانی ئاوارەبوو ئەوەیشی هەیە لە دۆخێكی زۆر سەختدا دەژین و پێویستە لەگەڵیان بین.

بارام ماوەی 26 ساڵە لە ریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان درێژەی بەكاری حزبی داوە و دوای خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەری باڵێكی سەربازی یەكێتیی رەخنەی توندی لە حزبەكەی گرت و ئەمڕۆش وازی هێناوە.

لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 باڵێكی سەربازی یەكێتی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕێكەوتن بۆ بەدەستەوەدانی لە %51ـی خاكی هەرێمی كوردستان ئەمەش بۆ كۆمەڵێك دەستكەوتی مادی كە بووە هۆكاری ئاوارەبوونی زیاتر لە 164 هەزار هاووڵاتی.



وشە - رامیار جەواد