لە سۆران پێشمەرگەیەك خۆی كوشت

:: PM:09:23:20/01/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی پێشمەرگەیەك لە شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر بە كوژرای دۆزرایەوە و پۆلیسی ناوچەكەیش ئاماژە دەكات كە خۆی كوشتووە. 

 رائیدی پۆلیس هاوار ئەرگووشی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بوونی تەرمێك لە گوندی هاودیانی سەر بە شارۆكەی سۆران ئاگەدار كراینەوە و دوای گەیشتنی تیمی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە دەركەوت قوربانییەكە ناوی (م .ه. م) و تەمەنی ۲۱ ساڵە و لە ماڵی خۆیدا فیشەكێكی بە سەری كەوتبوو. 

زیاتر گوتی، بەپێی گوتەی كەسوكاری ئەو كەسە خۆی گولەی لەخوی داوە كە خێزاندارە و پیشەی پێشمەرگەیە, بۆیە پەڕاوی لێكۆلینەوە بۆ رووداوەكە رێك خراوە و تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادی سۆران كرا.

لەلای خۆیەوە كەلسووم گەزنەیی توێژەری كۆمەڵایەتی لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری خۆكوشتن بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە لەوانە هۆكاری ئابووری, كۆمەڵایەتی، دەروونی و نەخۆشی دەروونی و دریژخایەنەكان، ئەو هۆكارانە بەپێی دۆخی سەردەم گۆڕانكاریان بەسەردا دێت. 

زیاتر گوتی، ئەو دۆخەی ئیستەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت و خراپیی ئەو دۆخە ئابوورییەی هەرێمی گرتووتەوە، هۆكاری سەرەكیی خۆكوشتنی تاكەكانە و بەمەش  دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و ئیفلیجبوونی بنیاتی كۆمەڵگە.  
 
بەپێی ئەو ئامارەی لە پۆلیسی سۆران دەست "وشە" كەوتووە لە 20 رۆژی رابردوودا ئەمە دووم حاڵەتی خۆكوشتنە لە دەڤەری سۆران تۆمار دەكرێت. 

سۆران/ موڕشید برادۆستي





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل