لە سلێمانی كەمئەندامان خۆپێشاندان ساز دەكەن

:: PM:09:51:20/01/2018 ‌

بڕیارە سبەی یەكشەم كەمئەندامانی سلێمانی خۆپێشاندانێك ساز بكەن و بەرپرسی یەكێتی كەمئەندامانی سلێمانیش رای دەگەیەنێت كە ناڕەزایەتییەكەیان بۆ نەبوونی نەوت و خزمەتگوزارییەكانی ترە لەگەڵ مووچە.

سامان حوسێن, لێپرسراوی گشتیی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند, ئاگەداری سەرجەم كەمئەندامان كراوەتەوە كە بەهۆی پەراوێزخستنیان لەو دۆخەی ئێستە بڕیاری خۆپێشاندانیان داوە.

زیاتر گوتی, سبەی لە سەر شەقامی بازنەی مەلیك مەحموود، ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەین و دەبەی بەتاڵمان پێیە وەك ناڕەزایەتی بەهۆی پێ نەدانی نەوت كە ئێستە لە وەرزی زستانین و نەوتمان وەرنەگرتووە.

لێپرسراوی گشتیی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان روونی كردەوە، دۆخی كەمئەندامان هیچ باش نییە و لایەنی پێوەندیدار و حكوومەتیش زۆر كەمتەرخەمن بەرانبەرمان و پەراوێز خراوین.

لای خۆیەوە سەنگەر عوسمان, وەك كەمئەندامێك و ئەندامی دەستەی باڵای كەمئەندامان بە "وشە"ی راگەیاند, لە هەموو بوارەكاندا پشتگوێ خراوین هەر لە مووچەوە كە دەستی تێخراو و دواتر بە كەمكردنەوە و راگیران و دواكەوتن تا دەگاتە خزمەتگوزارییەكانی تریش.

زیاتر گوتی, وەك كەمئەندامان بەردەوام پەراوێز خراوین، بۆیە سبەینێ بە هۆشی لایەنەكانی دەهێنینەوە كە چینێك هەیە لە كۆمەڵگە كە شایەنی خزمەتكردنە نەك پەراوێز خستن. دووپاتی كردەوە، لەو دۆخەی ئێستە بە سەتان ماڵی كەمئەندام هەیە یەك دڵۆپ نەوتی تیادا نییە كە بیسووتێنێت كە لە ناوەڕاستی وەرزی زستانین و كەشوهەوا زۆر ساردە, پارەیش نییە نەوت بكڕین.

كەمئەندامان وەك زۆرێك لە توێژەكانی ئەو وڵاتە كەوتوونەتە ژێر قورسایی دۆخەكە بە گشتی و دۆخی ئابووری بەتایبەتی كە سەرەڕای كەمی مووچەكانیان و بێتواناییان لە كاركردن و پەیداكردنی بژێوی رۆژانەی خۆیان، ئەوان خراونەتە ژێر باری سیستەمی پاشەكەوتی مووچە و راگرتنی مووچەی بەشێكیان، بەدەر لە نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاسانكاریی پێویست بۆیان لە خوێندن و چارەسەركردن و دامەزراندن و هەلی كارەكانی تر.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل