بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی جووڵەی تێكەوتووە

:: PM:12:00:11/10/2016 ‌
ماوەیەكە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی جووڵەی تێكەوتووە و خاوەن نووسینگەكانیش دەڵێن، بازاڕ  تا رادەیەك باشتر بووە و لە چاو دوو ساڵی رابردوو، كڕین و فرۆشتن بۆ زەوی باشتر بووە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 داعش بەشێك لە خاكی عێراقی داگیر كرد، دۆخێكی خراپی تەناهی و ئابووری لە ناوچەكە هاتە كایەوە كە كاریگەریی خستە سەر هەموو كایەكان و لەوانەش بازاڕی كەرتی زەوی و خانووبەرە لە كوردستانی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزاند.

بەشێوەیەك لە هەندێك شوێن نرخەكان بۆ نیوە و لە هەندێكی شوێنی تریشدا بۆ خوارووی نیوە دابەزین.

لە دوای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، فرۆشتنی زەوی و خانوو لە چاو دوو ساڵی رابردوو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، خاوەن نووسینگەكانیش دەڵێن، كڕین و فرۆشتن بە خانوو و زەوی زیاد بووە و بازاڕ بووژاوەتەوە. 

شێخ خالید، خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی خانووبەرە لە گەڕەكی سەرچنار بۆ "وشە" گوتی، ساڵانی رابردوو هیچ كات نەیانتوانیوە كرێی مانگانەی نووسینگەكەش دەربكەن، چونكە بازاڕەكە وەستابوو، بەڵام چەند مانگێكە دۆخەكە باشتر بووە. ئەو ئاماژەی بە گەڕەكەكانی ڕاپەڕین، ناوچەی باوەمردە و چەند شوێنێكی تر كرد كە بازاڕەكەیان هەستاوە.

ئەو دەڵێت، بازاڕی زەویی هەرزانبەها باشتر جووڵاوە و نموونەی ئەوەشی هێنایەوە، ئەو زەوییانەی كە نرخەكانیان لە نێوان 20 هەزار دۆلار بۆ 25 هەزار دۆلارە، كڕین و فرۆشتنی زۆریان پێوە دەكرێت، بەڵام ئەو زەوییانەی نرخیان سەرووی 50 هەزار دۆلارە كەمتر كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرێت.



لە دوو ساڵی رابردوودا نرخی خانوو و زەوی بە رێژەیەك دابەزیبوو كە كڕین و فرۆشتنی وەستاندبوو و كەسێك ناچار نەبووایە، ئامادە نەبوو زەوی یان خانووەكەی بفرۆشێت و ئەگەر لە فرۆشتنیشی دانابایە، ئەوا كەس پارەی نەبوو تا لێی بكڕێت.

شارەزایەكی بواری ئابووریش باس لە باشتربوونی دۆخی هەرێم بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو دەكات. سەعد مەلا عەبدوڵا گوڵپی، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دۆخی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا لە چاو ساڵانی رابردوو، ئاسایی بووەتەوە و هەر وەك لە ماوەی رابردوو بینرا چ ژمارەیەكی گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد.

ئەو دەڵێ، ئەو كڕین و فرۆشتنەی لە ساڵانی رابردوو لە كەرتی خانوو و زەوی هەبوو، ئاسایی نەبوو، چونكە نرخی زەوی و خانوو چەند هێندە لە ئاستی خۆی بەرزتر بوو، بەڵام ئەوەی ئێستە نرخی راستەقینەیەتی و دەبینرێت جووڵەیەك لە بازاڕدا دروست بووە.

بەبۆچوونی ئەو شارەزایەی ئابووری، جووڵەی زەوی و خانوو هۆكارێكی باشە بۆ دووبارە دەستاودەستكردنی پارە لای هاووڵاتییان، بەڵام تا ڕادەیەك ئەو جووڵەیەی ئێستە هەیە، لەوانەیە توێژێكی دیاریكراوی نێو كۆمەڵگە سوودی لێ وەربگرێت و ناتوانێ كاریگەریی فراوان بۆ سەر بازاڕ دروست بكات.

لە لایەكی ترەوە ئەنوەر حوسێن، خاوەنی كۆگەی پێداویستییەكانی خانووبەرە بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە كە نرخی زەوی دابەزیوە، هاووڵاتییان دەستیان بە كڕینی زەوی كردووە و پێ دەچێت دۆخەكەیان بەهەل زانیبێت بۆ ئەوەی خانوو دروست بكەن و خۆیان لە كرێچییەتی رزگار بكەن.

ئەو خاوەن كۆگەیەش ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە چەند مانگێكە جووڵەیەك دروست بووە و پێداویستییەكانی دروستكردنی خانوو باش دەفرۆشرێن، هەرچەند وەك پێویست نییە، بەڵام لە دوو ساڵانی رابردوو باشتر بووە. جگەلەمە لەگەڵ دابەزینی نرخی زەوی، نرخی كەرەستە و پێداویستییەكانیش دابەزینیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەوەش وای كردووە هاووڵاتییان لەم دۆخەدا دەست بە دروستكردنی خانوو دەكەن.

وشە/ سلێمانی- هۆشیار عەلی


وشە - وشه‌