وێنەی قوربانییەكانی بۆردمانی توركیا ببینن
كورد لە عەفرین بەرانبەر هێرشی توركیا تەنیا ماوەتەوە

:: AM:09:25:21/01/2018 ‌
لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە چڕی بۆردمانی ناوچە جیاجیاكان و ناوەندی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانیان كردووە و بەوهۆیەوەش ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی سڤیل و بێ چەك بوونەتە قوربانی، گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان و چارەسەری سەرەتایییان بۆ كراوە، ئاماژەكانیش دووپات لەوە دەكەنەوە، هەریەك لە ڕووسیا و ئەمەریكا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و كوردیان لە بەردەم پەلاماری توركیا تەنیا جێ هێشتووە.

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە دووپات لەوە دەكەنەوە، كە لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچە زیانیان بەركەوتووە و دەوڵەتی توركیایش بێبەزەیییانە خەڵكی سڤیل بۆردمان دەكات و دەیانەوێ عەفرین وەك حەلەب وێران بكەن.

برووسك حەسەكە یەكێك لە گوتەبێژەكانی یەپەگە لە عەفرین دەڵێ، حەوت كەس لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكان شەهید بوون و لەناویاندا منداڵ هەیە و سێ شەڕڤانی ئێمەیش شەهید كراون.

لەلایەكی ترەوە گوتەبێژ بەناوی لقی پەیەدە لە عەفرین ئاشكرای كرد، كە 25 هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی بۆردمانەكانەوە گیانیان لە دەست داوە، حكوومەتی ئەنكەرەیش دووپاتی لەوە كردەوە كە ژمارەیەك "كوژراو و بریندار" هەن، بەڵام سەرجەمیان چەكداری یەپەگەن و خەڵكی سڤیلی تێدا نییە.

گاردیان بڵاوی كردووەتەوە، كە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا فەرمانی بە هێزەكانی لە عەفرین كردووە لە ناوچەكانی نزیك عەفرین بكشێنەوە، بەرەو شوێنێكی سەلامەت گوازراونەتەوە.

هاوكات دوێنێ لە پاریس و وڵاتانی تر كوردان دژی هێرشی داگیركاری دەوڵەتی توركیا چەندان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش بە چڕی هەڵمەتی پشتیوانی لە عەفرین و دژایەتیكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر ئەو شارە لەلایەن كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستانەوە دەستی پێ كردووە.

لە ڕاپۆرتێكی دوێنێی "وشە" باس لەوە كراوە، ئەمەریكا دەستی لە باشووری كوردستان هەڵگرت و بێدەنگی هەڵبژارد لە هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، بە یارمەتی گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی كە لە 16ی ئۆكتۆبەر ڕووی دا، ئایا ڕووسیایش دەست لە پشتیوانی كوردانی ڕۆژئاوا هەڵدەگرێ و عەفرین بۆ توركیا چۆڵ دەكات، ئەوەی تێبینی دەكرێ تا ئێستە، ڕووسیاش بە هەمانشێوەی ئەمەریكا بێدەنگە لە بەرانبەر پەلاماردانی عەفرین لەلایەن توركیاوە و بۆردمانكردن و خاپووركردنی شارەكە.

توركیا چەكدارە كوردەكانی سووریا "یەپەگە" بە بەشێك لە "پەكەكە" تۆمەتبار دەكات و سەرسەختانە لە ماوەی ڕابردوو هەڵوێستی لە دژیان دەربڕیوە، دوای ڕاگەیەنراوەكەی سوپای ئەمەریكاش لە هەفتەی ڕابردوو بە دامەزراندنی هێزێكی سەربازیی 30 هەزار كەسی لە شەڕڤانە كوردەكان، توركیا بە توندی سەركۆنەی كرد و هەوڵەكانی بۆ دەستوەردان لە عەفرین چڕتر كردووە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر، دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسە نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە دوێنێوە فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە، ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورد دا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازیی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.










وشە - باز ئه‌حمه‌د