ئینتەر میلان لە یاریزانێكی ریال مەدرید نزیك بووەتەوە

:: AM:09:44:21/01/2018 ‌

رۆژنامەكانی ئیتاڵیا ئاشكرایان كرد ماتیۆ كۆڤاسیچی كڕواتی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیكە لەوەی بگەڕێتەوە ریزی یانەكەی پێشووی ئینتەر میلان.

رۆژنامەی (توتوسپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: گفتوگۆكانی نێوان بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان و بەڕێوەبەری كارەكانی كۆڤاسیچ شەش مانگ بەر لە ئێستا دەستی پێ كردووە و تاڕادەیەكی زۆریش هەردوولا لەیەكتر نزیك بوونەتەوە.

یانەی ئینتەر میلان بڕیاریداوە لەم زستانەدا بەشێوەی خواستن رامیرێزی یاریزانی یانەی جیانجسۆ سۆنینگی چینی بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە، ئەگەر لەمەدا سەركەوتوو نەبوو هەوڵەكانی بۆ كۆڤاسیچ چڕ دەكاتەوە.

كۆڤاسیچ پێش بۆ ماوەی چەند وەرزێك لە ریزی یانەی ئینتەر میلان یاریی كردبوو دوای ئەوەی لە زستانی 2013 بە بەهای 11 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی دینامۆ زگربی كڕواتی كڕیبووی.

كۆڤاسیچ لە ریزی یانەی ئینتەر میلان نەیتوانیبوو ئاستێكی شایستە پێشكەش بكات كە ئەو كات لە تەمەنی 18 ساڵیدابوو، لەبەر ئەمە بە بەهای 31 ملیۆن یۆرۆ لە هاوینی 2015 بەشێوەی یەكجاری رووی لە یانەی ریال مەدرید كرد.

رۆژنامە ئیتاڵییەكە ئاشكرای كرد یانەی ئینتەر میلان دەیەوێ لەم زستانەدا بەشێوەی خواستن كۆڤاسیچ تا كۆتایی ئەم وەرزە بگەڕێنێتەوە ریزی یانەكەی لەگەڵ ئەگەری كڕینی لە هاوینی داهاتوودا.

سەرچاوەكە هەروەها جەختیشی كردەوە رەنگە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید رازیبن دووبارە كۆڤاسیچ بدەنەوە یانەی ئینتەر میلان بۆ ئەوەی ئەم دەستەوارەیە نزیكتریان بكاتەوە لە گرێبەستكردن لەگەڵ ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری ئەرجەنتینی و كاپتنی یانەی ئینتەر میلان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م