سوپای سووریای ئازاد لە توركیاوە هێرشی كردە سەر عەفرین" />

چۆن ئۆپراسیۆنی "چڵە زەیتوون" دەستی پێ كرد؟
سوپای سووریای ئازاد لە توركیاوە هێرشی كردە سەر عەفرین

:: AM:10:07:21/01/2018 ‌


دوای دوو رۆژ لە تۆپباران و پاشان هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین و پێگەی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل، شەڕی دژ بە عەفرین دەستی پێ كرد و چەكدارانی سوپای سووریای ئازاد لە توركیاوە هێرشیان بۆ سەر عەفرین دەست پێ كرد، لە ناوچەی كیلیسی سنووری چوونە ناو شارۆكەكە كە ئامانج لێی داگیركردنی عەفرینە.

توركیا هێرشی بۆ سەر عەفرین بە ئۆپراسیۆنی "چڵە زەیتوون" ناساند كە سوپای سووریا ئازاد بە هاوكاری تۆپباران و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ئەوەی ئەو ئۆپراسیۆنە لە ئۆپراسیۆنی "درعی فوڕات" جیا دەكاتەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتایییەكان، ئەوەیە دوای تەواوبوونی ئۆپراسیۆنەكە، سوپای توركیا لە ناوچەكەدا دەكشێتەوە.

ئاماژەكان ئاشكرای دەكەن كە هێرشەكەی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین گڵۆپی سەوزی رووسیای بۆ هەڵكراوە دوای ئەوەی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە سەربازەكانی رووس لە عەفرین كشاونەتەوە و چۆڵیان كردووە. 

لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكایەتیی ئەركانی توركیا رای گەیاند، ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون لە عەفرین دوێنێ شەموو سەعات پێنجی ئێوارە دەستی پێ كردووە بە ئامانجی "پاراستنی تەناهی و سەقامگیریی سنووری ناوچەكە و لێدوان لە یەكینەكانی پاراستنی گەل و داعش و رزگاركردنی گەلی سووریا".

زیاتر گوتی، "ئۆپراسیۆنەكە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مافی بەرگریكردنە لە خۆمان، بەگوێرەی مادەی 51ی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بە لەبەرچاوگرتنی رێزگرتن لە یەكێتیی خاكی سووریا".

دەستەی سەرۆكایەتیی ئەركانی توركیا دووپاتی كردەوە كە ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون تەنیا "تیرۆریستان" دەكاتە ئامانج و هەموو رێوشوێنێك گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل.

 خڵوسی ئاكار سەرۆكی دەستەی ئەركانی توركیا رای گەیاند، ئیدارەدانی ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون لە بارەگای ئەركانی گشتی لە ئەنكەڕە بەڕێوە دەچێت، گوتی "بە تەلەفۆن جەنەڕاڵ ڤالێری گیراسیموڤ سەرۆك ئەركانی رووسیا و جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆڕد سەرۆك ئەركانی ئەمەریكا لەو ئۆپراسیۆنە ئاگادار كراونەتەوە، هاوكات مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، رووداوەكانی بۆ روون كردووەتەوە".

هاوكات لای خۆیەوە عەلی بن یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا رای گەیاند، ئەوەی سوپای توركیا دەیكات لە دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون بۆ سەر عەفرین تەنیا بەرگریكردنە لە خۆمان و هەوڵی پاراستنی ئاشتییە لە ناوچەكەدا.

لە بەرانبەر هێرشەكەی سوپای توركیا، هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە بەیاننامەیەكدا هۆشداری دا كە ئێمە هیچ شتێك شك نابەین جگە لە بەرگریكردن لە خۆمان دژ بەو هێرشانەی سوپای توركیا. رای گەیاند هەڕەشەكانی توركیا بێ پاساو نییە بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین تەنیا گەڕانەوەی داعش نەبێت لە ناوچەكەدا.

دوای دوو رۆژ لە تۆپبارانی چڕ، دوێنێ ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون بە تۆپبارانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر پێگەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە ناوچەی جملە لە باشووری عەفرین دەستی پێ كرد. ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بە حكوومەتی توركیا رای گەیاند، كە تانك و زریپۆشەكانی سوپای سووریای ئازاد لە ناوچەی كیلیس و هتای توركی دەستیان بە جووڵە كردووە بۆ سەر عەفرین و رووبەڕووی هیچ بەرگریكردنێك نەبوونەتەوە لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل.
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتایییەكان، سوپای سووریای ئازاد لە شاری ئەعزاز و لەناو خاكی توركیا بەشداری لە ئۆپراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین دەكەن، كە توركیا لە رێی فڕۆكە و زریپۆش و تانك تۆپبارانی عەفرین بە بەردەوامی دەكات.

 دوای دوو رۆژ لە تۆپبارانكردنی عەفرین، نوورەدین كانیكلی وەزیری بەرگریی توركیا رای گەیاند، لەو رۆژەوەی تۆپباران دەستی پێ كردووە، دەتوانین بڵێین ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون دەستی پێ كردووە.

هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان رای گەیاند، ئۆپراسیۆنی عەفرین بەردەوامی دەبێت و بەدوایدا نۆرەی منبج دێت، ئەمەش بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی رەوشی تەناهیی سووریا، چونكە تا رەوشی تەناهیی سووریا ئارام نەبێت، توركیا ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.

زیاتر گوتی، "هەندێك لایەن هەن ناوەكانیان دەگۆڕن، پێیان وایە بە گۆڕینی ناو لە لیستی تیرۆر دێنە دەرەوە، راستییەكە ئەوەیە یەكینەكانی پاراستنی گەل ناوە راستییەكەی پارتی كرێكارانی توركیایە".

ئەردۆغان رەخنەی ئەوەی لە ئەمەریكا گرت كە بەرانبەر بەو بەڵێنەی بە توركیای دابوو پابەند نەبووە، كە بەڵێنی دابوو دوای ئازادكردنی عەفرین، هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەو شارە دەچنە دەرەوە بەڵام ئەوە رووی نەدا، "بۆیە كەس بۆی نییە پێمان بڵێت بۆ وا دەكەن، ئەم ئۆپراسیۆنەش بەردەوامی دەبێت تا پاككردنەوەی سنووری عێراق لەو تیرۆریستانە".

پێ دەچێت خوێندنەوەكانی توركیا لە ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون زۆر ئاڵۆز بێت بە بەراورد لەگەڵ ئۆپراسیۆنی درعی فوڕات، كە بەهۆیەوە دەستی بەسەر جەرابلوس و سەدان گونددا گرت بە درێژایی 90 كیلۆمەتر، بەڵام ئەوەی عەفرین لە جەرابلوس و ناوچەكانی تر جیا دەكاتەوە، پێگە جیۆگرافییەكەیەتی كە زۆر سەختە، هەروەها بوونی خەڵكێكی زۆر لە عەفرین كە بەو ئاوارانەی روویان لەو شارۆكەیە كردووە ژمارەی دانیشتووانی نزیك لە ملیۆن كەس دەبێت.

خاڵێكی تر كە پێ دەچێ توركیا حیسابی بۆ نەكردبێت، ئەمجارە رووبەڕووی یەكینەكانی پاراستنی كوردی دەبێتەوە كە شەڕكردن لەگەڵ ئەو هێزە لە ناوچە شاخاوییەكان و شارۆكەكاندا زۆر قورسە، ئەو هێزە شارەزایییەكی باشی شەڕكردنی هەیە بە تایبەت لە سێ ساڵی رابردوودا كە دژ بە داعش جەنگاوە، بەتایبەت لە كۆبانێ. هەر لەسەر دەستی ئەو هێزەش بوو رەقەی پایتەختی داعش لە سووریا ئازاد كرا، خاڵێكی تر، ئەو هێزە لەلایەن ئەمەریكا هاوكاری و پشتگیری دەكرێت.

ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون كە توركیا بە فەرمی رای گەیاند، هاوكاتە لەگەڵ هۆشداریی ئەمەریكا لەسەر زاری هیز نویرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە داوای لە توركیا كردبوو هیچ هەنگاوێكی دژ بە عەفرین هەڵنەگریت و نامەنەوێت تۆركیا خۆی لە توندوتیژی بگلێنێت، بەڵكو دەمانەوێت توركیا هۆشی لەسەر داعش بێت.

هاوكات ئیریك باهۆن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمەریكا و توركیا هاوپەیمانن، نامانەوێت لەسەر شەڕی عەفرین ئەو هاوپەیمانیەتییە تێك بچێت.

لای خۆشیەوە ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەوڵی دا بەر لە شەڕەكە بگرێت و پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا ئەنجام دا، رای گەیاند ئەمەریكا نایەوێت هێزێكی سنوورپارێزی بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل دروست بكات، ئەم لێدوانە بە هەڵە وەرگیراوە و لێك دراوەتەوە. 

هەوڵەكانی ئەمەریكا لە عەفرین بەرەو دووڕیانێك دەچێت، لەلایەك نایەوێت دەستی لە توركیا بەربێت وەك هاوپەیمانێك، لە لایەكی تریش نایەوێت ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە عەفرین بەڕێوە بچێت. بۆیە تا ئێستە ئەمەریكا نەیتوانیوە هەڵوێستێكی توند دژ بە توركیا وەربگرێت، چونكە لە دوو رۆژی رابردوودا سەرۆكی دەستەی ئەركانی توركیا و سەرۆكی هەواڵگریی توركیا سەردانی مۆسكۆیان كرد و لەگەڵ سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگریی رووسیا كۆ بوونەوە، دوای ئەوەش رووسیا رای گەیاند كە سەربازەكانی لە عەفرین كشاندووەتەوە، چاودێرانیش ئەمە بە گڵۆپی سەوزی رووسیا بۆ توركیا لێك دەدەنەوە.

سەرچاوە/ عەرەبی


وشە - فه‌رمان سادق