بەغدا زووتر پارە ڕەوانەی كوردستان دەكات
باس لە پێدانی دوو مووچە بە كارمەندانی پەروەردە و تەندروستی دەكرێ

:: AM:10:36:21/01/2018 ‌
دوێنێ شەموو پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراقی بڵاو كردەوە، تێیدا كردنەوەی حیسابێك بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دانانی 450 ملیار دینار لەسەر ئەو حیسابە بە نووسراوی فەرمی فەرمانی پێ كراوە، پەرلەمانتارێكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانیش دەڵێ، هەنگاوەكان گرنگ و هاتنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت و دیداریان لەگەڵ عەبادی، وا دەكات زووتر پارە بۆ وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و وەزارەتەكانی تر ڕەوانە بكرێ.

لە نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی كە بە ژمارە 19840 و ڕێكەوتی 30 كانوونی یەكەم/دیسێمبەر ئاراستەی بانكی ناوەندی كراوە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە ڕەزامەندی سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بە وەكالەت، ئەم ڕێوشوێنانەی خوارەوە گیراونەتە بەر.

یەكەم: كردنەوەی حیسابێك بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دانانی پارەی مووچە و مافە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 و ساڵەكانی تر، پێتانیان ڕادەگەیەنین كە فەرمانگەكان و ناوەكانیان و ناونیشانی فەرمانبەران و وێنەی واژووی ئەو كەسانەی سەرپشك كراون لە بەكارخستنی ئەو حیسابە، بۆیە پێویستە حیسابەكە بكرێتەوە و جووڵە پێكردنی پارە لەو حیسابە بە فەرمانی سەرۆك وەزیران دەبێ.

دووەم: دانانی پارە بە بڕی 450 ملیار دیناری عێراق لەو حیسابە و بەگوێرەی بڕگەی یەكی بڕیارەكەی ئەو نووسراوە بۆ خەرجكردنی مووچە و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ تێبینییەكان و حیسابەكەیش بە ژمارەی "70009" دەبێ.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوە، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و بەشێك لە پەیجەكانیش دووپات لەوە دەكەنەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا مووچەی دوو مانگی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە ڕەوانە دەكرێت، بەگوێرەی زانیارییەكانیش ناردنی 450 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ كوردستان، زیاتر لە بەشی مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیە، بۆیە پێشبینی كراوە دوو مووچە بە كارمەندانی هەردوو وەزارەتەكە بدرێت.

نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەوە بۆ "وشە" گوتی، هاتنی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ عەبادی و بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوە كە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراقە، هەنگاوی باشن و ئەو سەردانەیش كە سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی بۆ بەغدا ئەنجامیان دا، پاڵنەر و هۆكارن بۆ ئەوەی زووتر بەغدا پارە بۆ كوردستان ڕەوانە بكات و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی پێ بدرێت.

زیاتر گوتی، هەرچەندە هەنگاوەكان بەرەوپێشەوە دەڕۆن و كاری لیژنەكان وردە وردە دەگات بە كۆتا و دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كەوتوونەتە سەر  ڕێڕەو، بەڵام پێویستی زیاتری بە دانوستاندن و گفتوگۆی سیاسییە و تا ڕوون بێ كێ ئەو پارەیە بەسەر مووچەخۆرانی كوردستان دابەش دەكات، ئەوە دەبێ لە دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێ نەك بەغدا، پێویستیشە لە گفتوگۆكان ئەوە یەكلا بكرێتەوە و ڕوون ببێتەوە.

هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە بودجە و مووچەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لێ بڕاوە و لەوكاتەوە تووشی شەڕی تیرۆریستانی داعش و دابەزینی نرخی نەوتیش بوو لە بازاڕەكانی دنیا، بۆیە ئەو بڕە نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەكرد، داهاتەكەی بەشی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانی نەكرد، لە كۆتای ساڵی 2014ەو لەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام درا و حەیدەر عەبادی وەك كاندیدی شیعەكان بوو بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەولێر دەستی پێ كردەوە.

بەرەنجامی گفتوگۆكانی هەولێر لەگەڵ حكوومەتەكەی عەبادی، گەیشتن بوو بە ڕێككەوتنێك كە لە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی 2015 جێگیر كرا، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە بەغدا پابەند كراوە بە ناردنی بەشی 17% بودجە بەشێوەیەكی دروست بۆ هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەریشدا هەرێمی كوردستان پابەند بوو بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی خۆی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كێڵگەكانی نەوتی لە كەركووك لە ڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە، هەرچەندە هەولێر پابەندی ڕێككەوتنەكە بوو، بەڵام بەغدا پشكی 17%ی بودجەی بۆ كوردستان ڕەوانە نەدەكرد، ئەو ڕێككەوتنە تا مانگی پێنج "ئایار/مایۆ"ی 2015 بەردەوامی هەبوو، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە ناردنی نەوت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ بازاڕەكانی دنیا كردەوە.

دابەزینی نرخی نەوت و بودجە و پێویستی زۆری شەڕی داعش باری دارایی كوردستانیان قورستر كرد، بەوهۆیەوە سیستەمی پاشەكەوتی بڕێك لە مووچە جێبەجێ كرا، هاوكات حكوومەت حاڵەتی دەست پێوەگرتنی لە زۆربەی كەرتەكان ڕاگەیاند و زێدەخەرجی كەم كرایەوە و كۆمەڵێك ڕێوشوێن گیرانەبەر، بەڵام ئەمانە دادی دۆخەكەیان نەدا و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخی دارایی كوردستان ڕووی لە خراپتر دەكرد، هەرچەندە بەشێك لە كۆمپانیا جیهانییەكان قەرزیان بە حكوومەت دا، لەوانەیش كۆمپانیای ڕووسنەفتی وڵاتی ڕووسیا تا ئێستە بڕی سێ ملیار دۆلاری پێشەكی بە هەرێمی كوردستان داوە، لە بەرانبەر پڕۆژەكانی لە كەرتی نەوت و گاز و گواستنەوەی وزە لە هەرێمی كوردستان.

لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی لە پێناوی بردنی نەوت بە قاچاخ و ڕێگری لە هەناردەی نەوتی كەركووك لە ڕێی هەرێمی كوردستانەوە بە ئامانجی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، لەگەڵ میلیشیاكان و عێراق ڕێككەوتن و بوون بە كەواسووری بەرلەشكری دوژمن و كەركووك و ناوچەكانی تریان ڕادەستی بەغدا كرد، ئەمەیش  وای كرد نیوەی بڕی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە كەم ببێتەوە، خیانەتكارانیش مەبەستیان بوو لە ئەنجامی دەركردنی كورد لە كەركووك تەنیا ڕێیان پێ بدرێ نەوتی شارەكە بە قاچاخ ئاودیوی ئێران بكەن و پارەكەیشی بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆیان بەكار بهێنن. بەوهۆیەوە داهاتی كوردستان تەواو كەم بووەوە و ئێستەیش گفتوگۆ و دانوستاندنەكان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن تا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكات، لە بەرانبەریشدا مووچە و بودجەی كوردستان ڕەوانە بكات.





وشە - باز ئه‌حمه‌د