سەربازه‌كانی باشیك گرژی لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا دروست دەكەنەوە

:: AM:11:39:21/01/2018 ‌
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و پێشبینی دەكرێ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی بەغدا تاوتوێی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و پرسی هەناردەی نەوت بە توركیا و هێزەكانی توركیا لە عێراق و توركمانەكانی عێراق بكات.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، لەمیانەی سەردانەكەیدا چاوشئۆغڵو چاوی بە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی توركیا و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەوێ، دواتریش لەگەڵ ژمارەیەك لە سیاسەتكارانی توركمان لە عێراق كۆ دەبێتەوە و سەردانەكەیشی بە داوەتێكی فەرمی وەزیری دەرەوەی عێراقە.

لە دوای 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پێوەندییەكانی توركیا و عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە پێشڤەچوونی گەورەیان بەخۆیەوە دیوە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بەردەوام گرفت و گرژی لە نێوان هەردوو وڵات هەبووە، بەتایبەت لەسەر پرسی بەردانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە بۆ عێراق و پرسی پێوەندیی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەناردەی نەوتی كوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، دواترینیشیان كێشەی هاتنی سەربازانی توركیا بوو بۆ ناوچەی باشیك و جێگیربوونیانە لەو ناوچەیە.

لە ساڵی 2014 توركیا ژمارەیەك هێزی سەربازی و تانك و چەكی قورسی ڕەوانەی سەربازگەی زەلكانی ناوچەی باشیك كرد، ئەمەیش ناڕەزایی توندی بەغدای لێ كەوتەوە، ئامانجی ناردنی هێزەكەی توركیا بۆ باشیك سەرەتا بۆ مەشقكردن بوو بە هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا كە ئەسیل نوجێفی برای ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەركردایەتیی دەكردن، بەغدا ئەمەی بە پێشێلكاری دژ بە سەروەری وڵاتەكەی لێكدایەوە و بە توندی لێدوان لەلایەن ئەنكەرە و بەغدا دژی یەكتر دەگوترانەوە، سەرەنجام مانەوەی هێزەكان بوون بە ئەمری واقیع و تا ئێستەیش نزیكەی هەزار سەربازی توركی لەو سەربازگەیە بوونیان هەیە.

گرژییەكانی هەردوولا بە ئاستێك گەیشتن كە بەغدا سكاڵای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دژی توركیا بە تۆمەتی پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتەكە تۆمار كرد.

لە سەروبەندی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، هەریەك لە ئێران و توركیا و بەغدا و سووریایش ناكۆكییە قووڵەكانیان خستە لاوە و پێوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە، بۆ دژایەتیكردن و لەباربردنی پرۆسەی ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەیش دیدار و گفتوگۆ لەلایەن هەریەك لە توركیا و ئێران و عێراق لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا ساز كرا، هەمووان لەسەر ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان و وەستانەوە دژی كوردستان كۆك و هاوڕا بوون.

هەرچەند پرۆسەی ڕیفراندۆم بووە هۆكارێك پێوەندییەكانی ئەنكەرە و بەغدا باش بكاتەوە، بەڵام مانەوەی هێزەكانی توركیا لە باشیك بۆمبێكی نەتەقیوە و هەمیشە هەڕەشەیە بۆ سەر پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، چونكە بەغدا سوورە لەسەر دەركردنی سەربازانی توركیا لە وڵاتەكەی، ئەنكەرەش مەرجی كشانەوەی هێزەكانی بەستووەتەوە بە لێدان لە پەكەكە كە ئێستە پێگەیان لە شنگال و باكوری بەعاج و سنوونێ دروست كردووە.
بەرپرسێكی عێراقی دوێنێ شەموو ئاشكرای كرد، هێزەكانی توركیا لە باشیك هیچ كات پلانی كشانەوەیان نەبووە و نییانە، ئەوان سوورن لەسەر مانەوە، هۆكارەكەیشی بۆ بوونی هێزەكانی پەكەكە لە باكور و باكوری رۆژئاوای مووسڵ دەگەڕێننەوە كە نزیكە لە سنوورەكانی توركیاوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشبینی دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیك وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوش ئۆغڵو سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كۆ ببێتەوە.

وەزیرێكی عێراقی لە حكوومەتی عەبادی ڕای گەیاند، حزبەكانی شیعە و بەشێك لە سەركردەی میلیشیاكان پەستانی زۆریان خستووەتە سەر هێزەكانی عێراق بۆ دووبارەكردنەوەی دۆسیەی بوونی هێزەكانی توركیا لە باكوری عێراق و پێویستی دەركردنی ئەو هێزانە، بۆیە پێشبینی دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا تەنگژەیەكی تر لە پێوەندییەكانی بەغدا و توركیا دەست پێ بكاتەوە، بەغدایش ئێستە نایەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا ڕوو لە خراپی بكەن، بەهۆی هەستیاری دۆسیەی هەرێمی كوردستان و پرسی هێزەكانی كورد لە سووریا و كۆدەنگی وڵاتان لەسەر ڕێگری لە گەیشتنی كورد بە ئامانجەكانی.

ئەنكەرە بەڵێنی داوە بە خێرایی هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، ئەگەر بەغدا گرەنتی ئەوە بە توركیا بدات كە لەناو خاكی وڵاتەكەی هیچ هەڕەشە و هێرشێك ناكرێتە سەر ناوخۆی توركیا لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە، بەغدایش بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ ئەو گرەنتییە بدات.

لەبارەی هاتنی وەزیری دەرەوەی توركیاش بۆ بەغدا ئەو وەزیرەی عێراق ڕای گەیاند، دۆسیە و بابەتی زۆر تاوتوێ دەكرێن، گرنگترین پێشووەچوونەكانی باكوری عێراق و سنووری سووریا و پرسی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی توركیا و هەمووی لە بەغدا دەخرێنە بەرباس.



وشە - باز ئه‌حمه‌د