ئۆتۆمبێلی داعش بازاڕی علووج دەتەنێت

:: PM:12:08:21/01/2018 ‌


باوكی رزگار بە روانینێكی پەشۆكاوی سەیری هاوڕێیەكەی دەكات كە دەیەوێ ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل نوێ بە نرخێكی هەرزان بكڕێت. ئەوان هەردووكیان لە گەورەترین بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلن لە هەولێر كە بە بازاڕی ئۆتۆمبێلی علووج ناسراوە و تێیدا هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك دەستدەكەوێت، بە تایبەت ئەوانەی كێشەی گومرگیان هەیە یان دزیارین، لە ناویاندا هەندێك ئۆتۆمبێل بەرچاو دەكەون هێشتا رەنگە سەربازییەكەی پێوەیە كە بەشێكیان هی سوپای عێراقە كە وەك دەستكەوت كەوتبوونە دەست داعش.

بازاڕی پێشانگەی ئۆتۆمبێلەكانی علووج دەكەوێتە باشووری هەولێر لەسەر رێی هەولێر مەخموور، لەو بازاڕەدا هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك دەفرۆشرێن، چ ئەوانەی هی سەردەمی بەعسن و هێشتا كێشەیان هەیە، چ ئەوانەی دزیارین، چ ئەوانەی كێشەی گومرگیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی بەمدواییە لە رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش كەوتوونەتە دەست هاووڵاتییان و چەكدارە داعشەكان وەك دەستكەوتی جەنگ وەریانگرتبوو، ئێستە لەو بازاڕەدا بە نرخێكی هەرزان كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرێت.

وەك دەزانن لە هەولێر دوو پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هەن، یەكێكیان دەكەوێتە نێوان شەقامی 100 مەتری و 40 مەتری لە گەڕەكی ئازادی، ئەوەی تریان دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی هەولێر- مەخموور، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تێدا دەفرۆشرێن كە كێشەی یاسایییان هەیە و بەهۆیەوە نرخەكەشیان هەرزانە، ئێستە خواست لەسەر ئەو بازاڕە زۆرە بەهۆی ئەو تەنگژە دارایییەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.

باوكی رزگار بە شێوەیەكی ورد مامەڵە لەگەڵ خاوەن پێشانگەكان دەكات كە هەندێكیان ئەو ئۆتۆمبێلانە دەفرۆشن كە دەستكەوتی شەڕی داعشن، زۆر بە هۆشدارییەوە مامەڵە دەكەن و هیچ متمانەیەكیشیان بە كڕیار نییە، بۆیە راستەوخۆ دوا نرخی ئۆتۆمبێلەكەی پێ دەڵێت و نایەوێت جارێكی تر چارەی كڕیارەكە ببینێتەوە.

ئازاد حەمە كە كاری نێوەندگیری دەكات لە نێوان كڕیار و فرۆشیار، لە هەوڵی رازیكردنی دوو كەس دایە كە هەر یەكێكیان ئۆتۆمبێلێكیان لایە و هێناویانە بۆ فرۆشتنی، یەكێكیان تۆیۆتا هایلوكس (مەرزیە مۆدێل 2013)یە و ئەوەی تریش شۆفرلێت سلڤرادۆ مۆدێل 2014یە.

یەكێكیان نایەوێت مەرزیە مۆدێل 2013ەكەی بە كەمتر لە 11هەزار دۆلار (دەفتەرێك و 10 وەرەقە) بفرۆشێت، ئەو دەڵێ هەمان جۆری ئۆتۆمبێل ئەگەر كێشەی یاسایی نەبێت لە بازاڕدا بە 17 هەزار دۆلارە (دەفتەرێك و 70 وەرەقە)، هاوكات هاوڕێكەشی نایەوێت شۆفرلێتە سلڤرادۆكەی بە كەمتر لە 15 هەزار دۆلار كەمتر بفرۆشێت كە ئەگەر كێشەی یاسایی نەبێت، ئەوا نرخەكەی لە بازار 21هەزار دۆلارە.

خاوەنی مەرزیەكە دەڵێ تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلەی لا ماوە كە بە داعشی ناسراوە، ئەمەش وایكردووە لە نرخەكەی نەیەتە خوارەوە، هاوكات باوكی رزگاریش ئاماژەی بۆ یەكێك لە برازاكانی دەكات كە ئۆتۆمبێلێكی هاوشێوەی ئەو مەرزییەیەی هەیە، ئەو ئۆتۆمبێلەكەی هێناوەتە بازاڕ لەبەر پێویستی بە پارەكەی و دەیەوێت بە خێرایی بیفرۆشێت.

ئۆتۆمبێلی داعش بەشێكیان لەلای پێشمەرگەن و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رایی كردنی كار و دەوامی پێشمەرگایەتی پێی داون و تابلۆیەكی وەزارەتی پێشمەرگەشی پێداوە و كێشەی یاسایی نییە.

105 هەزار ئۆتۆمبێلی گومان لێكراو لە كوردستاندا هەن
عەمید هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە شەڕی دژ بە داعش دەستكەوتوون، دەستكەوتی جەنگە و هەموویان تۆمار كراون لە وەزارەت، هیچ كەسێك ناتوانێت مامەڵەیان پێوە بكات. گوتی "هەر پێشمەرگەیەك مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بەو ئۆتۆمبێلانەوە بكات و لەسەر ساغ بێتەوە، ئەوا ئەو پێشمەرگەیە دەدرێتە دادگای سەربازی و سزا دەدرێت".

زیاتر گوتی "دەیان زریپۆش و تانك و هەمەڕ و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر و سەدان پارچە چەكی جۆراوجۆر و هەزاران بۆمبی پووچەڵكراوە كە پێشمەرگە لەكاتی شەڕی دژ بە داعش دەستی بەسەردا گرتوون، لە داهاتوودا لە چوارچێوەی مۆزەخانەیەكی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان جێیان دەكەینەوە تا نەوەكانی داهاتوو بزانن تاوانەكانی داعش چی بوونە".

 هاوكات عەمید ئەحمەد عەبدولستار ساعدی ئەندامی ژووری هاوبەش هاوڕایە لەگەڵ عەمید هەڵگورد و دەڵێ، بەشێوەیەكی گشتی هەموو پاشماوەكانی داعش لە شەڕەكاندا وەك ماڵ و ئۆتۆمبێلی بچووك و گەورە و كەلوپەلی ئەلیكترۆنی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق دەپارێزرێن و وردبینی بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیش دەكرێت. گوتی "نزیكەی 50%ی ئۆتۆمبێلەكان هی هاووڵاتییانی سڤیلن داعش لێیانی دزیون و بەكاری هێناون، هەندێكیش هەن هیچ تابلۆیەكیان نییە، بۆیە ئەوانە پێویست بەوە دەكات وردبینییان بۆ بكرێت و چارەنووسیان دەستنیشان بكرێت".

بەڵام سەرچاوەیەكی تەناهی لە پۆلیسی بەغدا رای گەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی هی داعش بوون و گرووپە چەكدارەكان دەستیان بەسەردا گرتوون، هێنراونەتە ناو شارەكان، بەڵام ئێستە سەرۆك وەزیران بڕیاریداوە هەموو ئۆتۆمبێلانە دەستیان بەسەردا بگیرێت كە ساڵیانە و تابلۆیان نییە، چونكە بەشێكی زۆری تاوانەكان بەو ئۆتۆمبێلانە ئەنجام دەدرێن.

لای خۆشیەوە ئەفسەرێكی پۆلیسی هاتۆچۆی هەولێر رای گەیاندووە، هەستمان بەوە كردووە خواست لەسەر ئاڕمی ئۆتۆمبێل زۆر بووە كە لە بنەڕەتدا ئەو ئاڕمە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە بوو لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەرەو كوردستان دەهاتن، بەڵام ئێستە دۆخەكە گۆڕاوە و بەكار دەهێنرێن، بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەش كە سەرچاوەكانیان دیار نییە و كەس نازانێت هی كێن.

 ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆی هەولێر كە نەیویست ناوەكەی بڵاوببێتەوە، روونی دەكاتەوە ئۆتۆمبێلەكانی داعش بوونەتە كێشەیەكی گەورە، بەگوێرەی زانیارییەكان لە تەواوی كوردستان ژمارەیان دەگاتە 105 هەزار ئۆتۆمبێل، ئەمە جگە لە ئۆتۆمبێلە دزراوەكانی كاتی رووخانی رژێمی بەعس لە بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق هێنران بۆ كوردستان.

سەرچاوەكەی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات كە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە نووسراوی فەرمیی ژمارە 16 لە ساڵی 2015 داوای لە وەزارەتی ناوخۆی كوردستان كردووە كە هەموو ئەو بازاڕ و پێشانگەیانە دابخات كە ئۆتۆمبێلی گومانلێكراو دەفرۆشن. گوتی "چەندان جار ئەو داوایەمان دووپات كردووەتەوە، بەڵام تائێستە وەڵام نەدراونەتەوە".

زیاتر گوتی "بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانە كاری تاوانكارییان پێ ئەنجام دەدرێت".

بەڵام باوكی رزگار لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بازاڕە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پۆلیسی هاتوچۆ دەڵێ، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە، دانی باج و سزای هاتۆچۆ و پشكنینی ئۆتۆمبێلەكەیە".



وشە - فه‌رمان سادق