یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له ڕۆژئاوای كوردستان، هێرشێكی سوپای توركیایان بۆ سه‌ر یه‌كێك له گونده‌كانی نزیك عه‌فرین تێك‌شكاند و زیانێكی زۆریشیان پێ گه‌یاندوون، وه‌ك له ڕاگه‌یانراوی خۆیاندا هاتووه.
بۆ ڕۆژی دووه‌م، ئۆپراسیۆنی هێرشكردنه سه‌ر شاری عه‌فرین له ڕۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن سوپای توركیا به‌رده‌وامه و ئۆرگانه‌كانی سه‌ر به په‌یه‌ده ڕایان گه‌یاند، سوپای توركیا هه‌وڵی داوه بچێته ناو گوندی "حه‌مام" سه‌ر به شاره‌دێی "جه‌ندریسه" له پارێزگای عه‌فرین، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه به‌رپه‌رچ دراوه‌ته‌وه و له ئاكامی شه‌ڕێكی توند، زیانێكی زۆریان به سوپای توركیا گه‌یاندووه.
تا ئێسته ئه‌م هه‌واڵه له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كانی توركیا و ڕاگه‌یاندنی سوپاكه‌یانه‌وه باس نه‌كراوه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌یه‌ده ڕای گه‌یاند، سوپای توركیا له‌سه‌ر سنووری نێوان توركیا و سووریا، ئۆتۆمبێلی خه‌ڵكی سڤیلیان گوله‌باران كردووه و ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه نزیكی سنووره‌كه نه‌بنه‌وه و ترس له دڵی خه‌ڵك دروست بكه‌ن و بۆردمانی گوندی "قستل میقداد" له شاره‌دێی "به‌لبه‌له" ده‌كه‌ن و ناوچه شوێنه‌واره ڕۆمانییه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج و ده‌یانه‌وێ شوێنه دیاره‌كان خاپوور بكه‌ن.
ڕۆژی هه‌ینی 19ی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ر دوای كۆكردنه‌وه‌ی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ شاری عه‌فرین، تۆپخانه‌كانی توركیا به‌چڕی ده‌ستیان به بۆردمانی شاری عه‌فرین و گوند و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه كرد، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه دێ ڕووسیا نه‌رمی نواندووه و ئه‌مه‌ریكایش ته‌نیا به لێدوان و قسه‌ی نیگه‌رانی خۆی له ئه‌نجامدانی هێرشكردنه سه‌ر عه‌فرین ڕاگه‌یاندووه، به‌وهۆیه‌وه له دوێنێوه فڕۆكه‌كانی توركیا به چڕی ده‌ستیان به بۆردمانی ئاسمانی شاره‌كه كردووه و هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌یش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه به‌رگری له شاره‌كه ده‌كه‌ن و هه‌رگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكه‌ن.
شاری عه‌فرین یه‌كێكه له ناوچه كوردستانییه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و ده‌كه‌وێته باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سه‌ر به پارێزگای حه‌له‌بی سووریایه، ڕووبه‌ره‌كه‌ی سێ هه‌زار و 850 كیلۆمه‌تری دووجایه، به‌گوێره‌ی ئاماری 2010 ژماره‌ی دانیشتووانی زیاتر له 523 هه‌زار كه‌س ده‌بێ و زۆرینه‌ی ڕه‌های دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن.