بلاكبێری ئۆتۆمبێلی خۆكار بەرهەم دەهێنێت

:: PM:01:53:21/01/2018 ‌
كۆمپانیای بلاكبێری تایبەت بە بەرهەمهێنانی مۆبایل، لەم دواییە دەستی بە پڕۆژەیەكی نوێ كردووە و پرۆگرامی كارپێكردنی ئۆتۆمبێلە خۆكارەكان بەرهەم دەهێنێت.

لەم دواییە بلاكبێری خزمەتگوزاری  Jarvisی لە پێشانگەی دیترۆیت بۆ ئۆتۆمبێلەكان خستەڕوو، جۆن چن سەرۆكی كۆمپانیاكە لەوبارەوە گوتی، پرۆگرام و خزمەتگوزارییەكانمان بۆ ئۆتۆمبێلە زیرەكەكان و سیستەمی كۆنتڕۆڵكردن و لێخوڕینی ئەلیكترۆنی زۆر پێشكەوتووە و خاڵی لاوازی سیستەمەكانی تری ئۆتۆمبێلی خۆكارمان نەهێشتووە.

بەگوێرەی ئەو پرۆگرامە نوێیەی بلاكبێری، دەتوانرێ لە چەند خولەكێك هەموو پرۆسەكانی ئۆتۆمبێل هاژووتن و كارپێكردن و گرفت و كێشەكانی ڕوون بكرێتەوە، لە كاتێكدا پرۆگرامەكانی پێشوو چەند هەفتەیەكیان پێویست بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو هەموو كارە.

سەرۆكی كۆمپانیای بلاكبێری ڕوونی كردەوە، كە كۆمپانیاكەیان دەتوانێ ئۆتۆمبێلی خۆكار بە تەواوی پەرە پێ بدات، لە ڕێی خزمەتگوزاریی جارڤیسی نوێوە، بەتایبەت لە دانانی كۆدی تەناهی تایبەت بە كۆمپانیاكان، هەریەك لە كۆمپانیای جاگوار و لاندرۆڤەریش دەسپێشخەرییان پێشكەشی كۆمپانیاكەمان كردووە، تا ئەو خزمەتگوزارییە لە ئۆتۆمۆبێلە پێشكەوتووەكانی بەكار بهێنن.

ئەو خزمەتگوزارییەی بلاكبێری لە كاتێكدایە پێشتر هەریەك لە كۆمپانیاكانی كتسلا و گووگل و ئەپڵ و سپەیس ئێكس و ئەوانی تریش دەستیان بە پەرەپێدان بە ئۆتۆمۆبێلی خۆكار و پرۆگرامە ئەلیكترۆنییەكانی تر كردووە.

سەرچاوە/RT.


وشە - باز ئه‌حمه‌د