گەندەڵییەكی گەورەی وەزارەتی كار ئاشكرا دەبێت

:: PM:04:29:19/11/2016 ‌

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زانیارییەكانی بانكی نێودەوڵەتی پشتڕاست دەكاتەوە لەبارەی سوودمەندبوونی رێژەیەكی كەمی هەژاران لە پارەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی و دووپاتی دەكاتەوە، بەشی هەرە زۆری مووچەخۆرەكان هەژار نەبوون و لە رێگەی حزبییەوە ناونووس كراون.

هەمزە مەغدید گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، راپۆرتەكەی بانكی نێودەوڵەتی كە دووپات لە سوودمەندبوونی رێژەی 11%ی هەژاران لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەكاتەوە، راستە و ژمارەیەكی خەیاڵی لە خەڵك بە تەزكییەی حزبی لە چوارچێوەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی تۆمار كراون.

روونی كردەوە، لە وەزارەتی كار 81 هەزار كەس مووچەی هەژاری وەردەگرن، لەپاڵ 110 هەزار كەمئەندام و 23 هەزار مووچەخۆری تایبەت، ئەو پرۆسەیە پێشتر لەسەر وەزارەتی دارایی بووە و دواتر بۆ سەر وەزارەتی كار گواستراوەتەوە.

وەك گوتەبێژەكەی وەزارەتی كار ئاماژەی بۆ كرد، تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و چاودێری خێزان لە كابینەكانی پێشووی حكوومەتدا بەناوی كەمئەندامان و بێوەژنان، خەڵكی ناویان بۆ وەرگرتنی مووچەی پاراستنی كۆمەڵایەتی تۆمار دەكرا، پێشتر تەنیا نزیكەی 11 هەزار كەسێك بوون لە ڕێگەی توێژەرانی كۆمەڵایەتی سەردانی ماڵان دەكرا، ئینجا بڕیاری پێدانی مووچەیان بۆ دەردەكرا.

هەمزە مەغدید ئاشكرای دەكات لە دوای ساڵی 2011 وە بڕیارێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هات كە لە ڕێگەی عێراقەوە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی زیاد دەكرێت ژمارەیەكی زۆری خەیاڵی زیاد كرا لە نێوان هەولێر و سلێمانی دابەش كرا، ئەوانیش كە هەریەكە و لە ڕێگەی ڕێكخستنەكانیانەوە و لق و مەڵبەند ناوەكان هاتن بۆ وەزارەت پارە دەهات لە بەغدا پێیان دەدرا .

هەمزە بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا دەكات مانگانە خەرج دەكرا و دەڵێت، بۆ هەر مانگێك بڕی 28 ملیار دینار بوو خەڵكێكی زۆر ناوی خرابووە ئەم لیستە دەوڵەمەند و كوڕە گەنجە بە بێوەژن ناوی خۆی نووسیوە، هەیە بە ئۆتۆمبێلی وەنەوشە دێت پارە وەردەگرێت، بۆیە ئەوەی بانكی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێ دا ڕاستە خەڵكێكی زۆر ناپێویستی تێدایە، پێشبینی دەكرێت لە %10 بۆ %15 مووچەی چاودێری خێزان خەڵكی موستەحەق بن، ئەوانی تر خەڵكانێكن شایستەی ئەم مووچەیە نین.

وەفدێكی بانكی نێودەوڵەتی لەگەڵ لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە لەم كۆبوونەوەیە ڕایان گەیاند، كە ئەو بودجەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی دایناوە 75% بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و هەژار خەرج ناكرێت، لە ساڵی 2014 زیاتر لە 360 ملیار دینار بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی خەرج كراوە، لەو ڕێژەیە تەنیا 11% بۆ خەڵكی هەژار و كەمدەرەوامەتی راستەقینە خەرج كراوە.


وشە - رامیار جەواد