ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا پشتیوانی توركیان
وڵاتان له‌سه‌ر هێرش بۆ سه‌ر عه‌فرین دابه‌ش ده‌بن

:: PM:03:24:21/01/2018 ‌


سەرەڕای دەربڕینی نیگەران و بێهەڵوێستی لەلایەن ڕووسیا و ئەمەریكا لە بەرانبەر هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین، بەڵام بەریتانیا و ئەڵمانیا بە ڕوونی و بە فەرمی پشتیوانی خۆیان بۆ هێرشی توركیا بۆ شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند.

ڕووسیا و ئەمەریكا پشتیوانێكی بێدەنگ
هەریەك لە ڕووسیا و ئەمەریكا نیگەرانی خۆیان لە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەكان دەربڕی، بەڵام بە هیچ شێوەیەك دژایەتی ئۆپراسیۆنەكەی توركیایان ڕانەگەیاندووە، لە كردەوەیشدا ڕووسیا هێزەكانی خۆی لە عەفرین كێشاوەتەوە و ئەمەریكایش تەنیا نیگەرانی دەربڕیوە و خۆی لێ بێدەنگ كردووە.

فرانس كیلینتسیفیتش جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڕووسیای فیدراڵ ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك پشتیوانی لە هێزەكانی ئەسەد ناكات، ئەگەر ڕووبەڕووی توركیا ببنەوە، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر پشتیوانی مۆسكۆ لە هێرشەكەی توركیا.

لەلایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتا ئەمەریكییەكەی ریكس تیلەرسن گفتوگۆیان كردووە، دووپاتیان لە ئارامی و جێگیری باكوری سووریا كردووەتەوە و داوای چارەسەری كێشە و تەنگژەكانیان بە ڕێی سیاسی و لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، بە تایبەت لە كۆنگرەی سوچی كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك ببەسترێ، پێویستە لەوێ گرفتەكان یەكلا بكرێنەوە.

هاوكات هێزەر ناوێرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، هەڵوێستی ئەمەریكا بریتییە لە داواكردن لە توركیا بۆ ئەنجامنەدانی هێرش بۆ سەر عەفرین و دووپاتیشی لەوە كردەوە پێویستە هەردوولا لە توندوتیژی دوور بكەونەوە و ئەوان هانی كورد و ئەنكەرە دەدەن بە گفتوگۆ كێشەكانیان چاەرەسەر بكەن.

بەریتانیا و ئەڵمانیا پشتیوانن
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاشكرای كرد، توركیا ئەندامە لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە بەرژەوەندی هەموو ئەندامانی ناتۆیە هاوكار و پشتیوان بن، توركیا سنوورە شەرعییەكانی خۆی بپارێزێ و جێگیری بكات، بۆیە بەریتانیا پابەندە بە كاركردنی بەردەوام و متمانە پێكراو لەگەڵ توركیا و هاوپەیمانەكانی تر لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەر لە سووریا.

هاوكات راینەر بریۆل گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕای گەیاند، پاراستنی سنوورەكانی باشووری سووریا كارێكی شەرعییە و گرنگە بۆ ئەنكەرە، حكوومەتی ئەڵمانیایش چاودێری دۆخی ناوچەكە دەكات و پێویستە توركیا ڕەچاوی دۆخەكە بكات و توندوتیژیی گەورە لە ناوچەكە دروست نەكاتەوە. بە بڕوای ئەڵمانیا پاراستنی خەڵك لە دەست تیرۆریستان و توندوتیژییەكان كارێكی گرنگ بوو، ئێستەیش ناكرێ بە جۆرێكی تری توندوتیژی خەڵك تووشی دەردەسەری بكرێتەوە.

میسر دژایەتی ڕاگەیاند
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە ڕاگەیەنراوێكدا دژایەتی خۆی بۆ هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە، هێرشی توركیا بۆ سەر شاری عەفرین سووریا پێشێلكارییەكانی ڕوونی سەروەری سووریایە و پێویستە كێشەكانیان بە ڕێگەچارەی سیاسی و ئاشتیانە چارەسەر بكرێن و هەمووان چاویان لەسەر شەڕی تیرۆر بێت.

ئەنكەرە وڵاتان ئاگەدار دەكاتەوە
ئەمڕۆ یەكشەم دوای دەست پێكردنی هەڵمەتی هێرشكردنە سەر عەفرین بە چڕی، وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوش ئۆغڵو لەگەڵ جان ئێف لۆدریانی وەزیری دەرەوەی فڕەنسا گفتوگۆی كرد و دوا زانیارییەكان و ئامانجی هێرشەكەی توركیای بۆ ڕوون كردەوە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی توركیا نوێنەری ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی كۆ كردەوە كە بریتین لە ڕووسیا و بەریتانیا و چین و فڕەنسا، جیا لە ئەمەریكا گفتوگۆی لەگەڵ كرد و ئێرانیش یەكێك بوو لە نوێنەری وڵاتان كە ئەنكەرە بۆ پێدانی ڕوونكردنەوە بانگهێشتی نوێنەرەكەیانی كردووە، جیا لەوە باڵوێزی وڵاتانی ئوردن و عێراق و لبنان و قەتەر و كوێت و سعوودیە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ئاگەدار كراونەتەوە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرش كردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن، بەیانی ڕۆژی یەكشەم 21 كانوونی دووەم/یەنایەر هێزەكانی توركیا و سوپای ئازادی سووریا لە وشكایییەوە هاتنە سنووری شاری عەفرین و دەستیان بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچە جیاجیاكان كرد.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورددا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە گوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.



وشە - باز ئه‌حمه‌د