یەكێتی باسی بەستنی كۆنگرە دەكات
ئەندامێكی سەركردایەتی: هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی نەزانراوە

:: PM:03:59:21/01/2018 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ئێستە ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەكات و گوتەبێژی حزبەكەیش دەڵێ‌، وادەی بەستنی كۆنگرە دیاری دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، نەسڕوڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هۆكاری دواخستنی چەند جارێكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دیار نییە، كە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو چەند جارێك كۆبوونەوەكان دوا خران.

ڕوونی كردەوە كە تا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەنجام نەدرێت، ئەوە ناتوانرێت هیچ وادەیەك بۆ بەستنی كۆنگرە دیاری بكرێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی پێشبینی كرد لە چەند ڕۆژی داهاتوو وادەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دیاری بكرێت.

لێدوانەكەی نەسروڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتی باسی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی كردووە و ڕای گەیاندووە، یەكێتی وادەی كۆنگرە دیاری دەكات و هەوڵ دەدەن پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كۆنگرە ببەستن.

پیرە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رەتی كردووەتەوە كە یەكێتی پلنیۆم ببەستێت و ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیار لەسەر وادەی كۆنگرە دەدرێت.

ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی كێشە ناوخۆیییەكانیەوە چەندان باڵی لێ‌ جیا بووەتەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە هەڵوەشێنرایەوە، هاوكات زۆر لە چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەكەن بەهۆی ماڵباتی تاڵەبانی، یەكێتی گیرۆدەی چەند كێشەیەكی نوێ‌ دەبێت و پێ ناچێت كۆنگرە چارەسەر بێت بۆ كێشەكانیان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم