لە هەولێر نرخی زەوی لە هەڵكشانە

:: PM:04:30:21/01/2018 ‌
ماوەی هەفتەیەكە نرخی زەوی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە و خاوەنی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنیش ئاماژە بەوە دەكەن كە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و هەواڵی ناردنی مووچە بازاڕی زەوی و خانووی بەرز كردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی كانوونی دووم، دیدار مزەفەر خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی كڕینی خانوو زەوی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو هەواڵانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند وڵاتێكی تر و هەواڵی ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بڵاو كراوەتەوە نرخی زەوی بەڕێژەی 30% بەرز بووەتەوە.

زیاتر گوتی، لە گەڕەكی هەشتی حەسارۆكان كە هیچ خزمەتگوزارییەكی نییە نرخی زەوی زیاتر لە 50 هەزار دۆلاری هاتووەتە سەر، بۆ نموونە ئەگەر هەفتەی پێشوو زەوییەك بە 110 هەزار دۆلار كڕابێت، ئێستە نزیكی 180 هەزار دۆلار نرخەكەیەتی.

خاوەنی ئەو نووسینگەی كڕین و فرۆشتن پێشبینی كرد كە لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەگەر هەواڵەكان بەم جۆرە بن و دۆخی دارایی كوردستان بەرەو باشتر بڕوات، ئەوە نرخەكان زیاتر بەرز ببنەوە.

ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی تەنگژەی دارایی و خراپی دۆخی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا، نرخی خانوو و زەوی بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بەڵام ئێستە كە باس لە ناردنی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەكرێ‌، جارێكی تر بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو جموجۆڵی تێكەوتووە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم