جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان له کەرکووک و گەرمیان ڕای گهیاند، پرۆسەی تەعریب لە سنووری کەرکوک بەردەوامی ھەیە وتا ئێستهیش سەرووی دوو ھەزار خێزان ھاوردەی ئەو پارێزگایە کراون، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی باڵا رێککەوتن بکرێت و خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەو کێشەیە چارەسەر ناکات.
ئهمڕۆ یهكشهم، دیاری حوسێن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان له کەرکووک و گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە کێشەمان لەگەڵ عەقڵیەتی عەرەبە لە بەغدا، لەبەر ئەوەی ئەوان کەی بەھێز بن، ھێرشمان دەکەنە سەر، ھەر بۆیە ئێسته ئەوان لە کەرکووک بەھێزن و جارێکی تر پرۆسەی تەعریبیان دەست پێ کردووهتەوە، بۆیە ئەوەی ئێسته ھەندێک لایەن باسی لێوە دەکەن، خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ رێگریکردن لە تەعریب ساز دەدەن چارەسەر نییە، چونکە ناتواندرێت بهو شێوهیه رێگریان لێ بکرێت و پێویستە لەسەر ئاستی باڵا چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت.
لە دوای ناپاكیی 16ی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی عێراق، جارێکی تر، پرۆسەی تەعریبی دەست پێ کردووە و هاوشێوهی حزبی بهعس، بەردەوام عەرەب ھاوردەی شاری کەرکووک دەکات، ئەوانەی کە پێشتر بەپێی مادەی 140 قەرەبوو کراونەتەوە و ئێسته جارێکی تر دەیان گەڕێنێتەوە بۆ ئەو شارە و دەست بەسەر موڵک و ماڵی کوردەکان دەگرنەوە، بۆ رێگریکردن لەو پرۆسەیەش، ھەندێک ھێزی سیاسی لە کەرکووک باسیان لەوە کردووە، لە رۆژانی داھاتوو خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری سازدەکەین.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی له کەرکووک و گەرمیان زیاتر گوتی، ئێمە گەشبینین بەسەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وک ۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن، چونکە ئەمە چارەسەرە و ئەوەی دەگوترێت لە رێگەی گردبوونەوە و خۆپیشاندان چارەسەر نییە، پێویستە بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخی کەرکووکدا بکرێت.
ڕوونیشی کردەوە، پڕۆسەی تەعریب بەردەوامە و ئەوەی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرکراوە لە 15 ساڵی سەردەمی رژێمی بەعس بەرانبەر بەو شارە نەکراوە، چونکە بەردەوام پلانی بۆ دادەنێن و کاری بۆ دەکەن و فۆرمی خۆراک بۆ ئەو شارە دەگوازنەوە، بۆیە تا ئێسته سەرووی دوو ھەزار خێزان بە مەبەستی پرۆسەی تەعریب ھاوردەی سنووری کەرکووک کراون و ھاوردەکردنەکەش بەردەوامی ھەیە.
حوسێن ڕوونیشی کردەوە، ئێسته کارێکی تری مەترسیدار بەرانبەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان کراوە، ئەویش ناردنی نامەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پەرلەمانی عێراق و تێیدا باسی لەوە کردووە، مادەی 140 کۆتای پێ ھاتووە و کەرکو,کیش لە دەرەوەی ئەو مادەیە ههژمار کراوە، بۆیە داوا لە فراکسیۆنە کوردییەکان کراوە، پێویستە بە ھیچ شێوەیەک ئەمە قبووڵ نەکەن و رێگەش نەدەن کارێکی لەو شێوەیە بکرێت.
وشه/ بڵند ئیبراھیم