زیاتر لە مانگێكە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ نەبووەتەوە

:: PM:05:06:21/01/2018 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر زیاتر لە مانگێكە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەش ڕای دەگەیەنێت، هۆكاری كۆ نەبوونەوە دیار نییە و دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وادەی ئەنجامدانی كۆبوونەوە دیاری ناكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، چنار جەلال ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمەوە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەنجام نەدراوە كە زیاتر لە مانگێك دەبێت.

زیاتر گوتی، هۆكاری كۆ نەبوونەوە دیار نییە و دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وادەی ئەنجامدانی كۆبوونەوە دیاری ناكات و هیچ ئەندامێكیش داوای بەستنی كۆبوونەوەی نەكردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، كۆمەڵێك پرس هەن كە پێویستە لە ئەنجوومەنەوە یەكلای بكرێنەوە، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوە بكات.

لەماوەی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری لەسەر گۆڕانكاری لەسەر چەند پۆستێكی ئیداری شاری هەولێر پەسەند كرد، بەڵام ئەنجوومەنەكە دوای زیاتر لە مانگێك هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە.

بەپێی پەیڕٍەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبێت هەموو ناوەڕاستی هەفتەیەك ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان بكەن و پرسی خزمەتگوزاری و ئیداری تایبەت بە پارێزگاكە تاوتوێ‌ بكەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم