توركیا داوا لە عێراق دەكات هاوكاری بكات لە پاككردنەوەی سووریا لە تیرۆر

:: PM:05:22:21/01/2018 ‌

مەولوود چاوەیشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتی لە پێویستی پاككردنەوەی خاكی سووریا و عێراق و باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی لە رێكخراوە تیرۆریستییەكان كردەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ شەڕوانانی پەكەكە و پەیەدە.

چاوەیشئۆغلو لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری هاوتا عێراقییەكەی لە بەغدا رای گەیاند كە توركیا كردەی سەربازی "چڵە زەیتوون"ی بۆ پاككردنەوەی شاری عەفرین لە تیرۆریستان دەست پێ كردووە و ئاماژەی كرد كە پێویستە سووریا و عێراقیش لە تیرۆر پاك بكرێنەوە.

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ كردە سەربازییەكەی لەناو خاكی سووریا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە عێراق و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق چەند پرسێكی هاوبەشیان تاوتوێ كرد و رای گەیاند كە توركیا بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەكات.

چاوەیشئۆغلو رای گەیاند كە وڵاتەكەی بەتوندی پاڵپشتی لە یەكپارچەیی خاكی عێراق و سەروەرییەكەی دەكات.

لای خۆیەوە بناڵی یەڵدریم سەرۆك وەزیرانی توركیا مەبەستی كردە سەربازییەكەی عەفرینی روون كردەوە بەوەی لە دوای دوو رۆژ لە بۆردومانی ئاسمانی و زەوینی توند بۆ پێگەی سەربازییەكانی پەیەدە، ئەوان دەستیان بە هێرشی زەوینی كردووە و كردەكەیش چوار قۆناغ دەگرێتەوە و لە كۆتاییشدا ناچەیەكی دابڕاو لەسەر سنوورەكانی توركیا بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر دروست دەكەن.

سەرچاوە: شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل