دوا هەڵوێستی شیعە و سوننە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەكانەوە

:: PM:05:44:21/01/2018 ‌

دوای مشتومڕێكی زۆر لەبارەی كردن و نەكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وادەی دیاریكراودا و چەند دانیشتنێكی پەرلەمانی بۆ ئەو مەبەستە، ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی وەك بڕیار بوو پرسەكەی یەكلا كردەوە بە دوا نەخستنی هەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی لە وادەی خۆیدا، لەناو بێدەنگیی كورد، سوننە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دواخستنی و شیعەیش بۆ ئەنجامدانی.

هەمام حەموودی یەكەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (شیعە)، لەو بارەوە رای گەیاند كە دادگەی فیدراڵ مشتومڕەكەی لەو بارەوە یەكلا كردەوە و دانیشتنەكانی سبە و دواتری پەرلەمانی عێراق هیچ تاوتوێكردنێكی لەو بارەوە تیادا نابێت كە پێویست ناكات. 

لای خۆیەوە موتەشەر سامەرایی پەرلەمانتاری عێراق (سوننە)، لەو بارەوە رای گەیاند كە ئەو كاتە بڕیارەكەی دادگەی باڵای فیدراڵ دەبێتە پابەندی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی كاتێك حكوومەت چوار مەرج بێنێتە دی.

زیاتر گوتی، دوای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ تۆپەكە لە یاریگەی حكوومەتە كە وادەكەی دیاری كردووە و مەرجەكانیش بریتین لە دابینكردنی دۆخ و پێداویستی بەڕێوەچوونێكی ئاسایی هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و هێشتنەوەی چەك تەنیا بەدەستی دەوڵەت و توێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنی. بۆیە تا ئێستە ئەو مەرجانە نەهاتوونەتە دێ، بۆیە ئەگەر بەدەستوورەوە پابەند بین دەبێت بە هەموو بڕگەكانی پابەندبین نەوەك تەنیا هەندێكی.

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقی بەر لە دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەبارەی دواخستن یان نەخستنی هەڵبژاردنەكان، كۆبووەوە و بڕیاری خۆی لەو بارەوە دا بەپێویستی بەڕێوەچوونی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 12ی ئایاری داهاتوو و هەر دوای بڕیارەكەیش سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (سوننە)، دووپاتی كردەوە كە ئەو وادەیە ئێستە بووەتە پابەندی لە دوای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی.

سەرچاوە: شەفەق نیووز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل