نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان: هێرشەكانی توركیا لە عەفرین تێكشكێنراون

:: PM:06:10:21/01/2018 ‌
نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، دوو جار هێرشی هێزەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین تێكشكاون و بەهۆی بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكانیشەوە 15 هاووڵاتیی بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، فەتحوڵا حوسەینی نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هێرشكردنە سەر عەفرین لەلایەن توركیاوە بەردەوامی هەیە و بەشێوەیەوەكی زەمینی و ئاسمانی تا ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا دوو جار هێرشیان كردووە، بەڵام هەردوو جار تێكشكاون و رێگە نەدراوە پێشرەوی بكەن.

زیاتر گوتی، تا ئێستە بەهۆی بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا حەوت هاووڵاتیی شەهیدبوون و نۆی تریش برینداربوون.

ڕوونی كردەوە كە فەرەنسا داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی كردووە و ئەمەریكاش بەردەوام لەسەر  هێلە بە مەبەستی دروستكردنی پاڵەپەستۆ لەسەر توركیا و ڕاگرتنی هێرشەكان.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نوواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرش كردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورد دا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگەستی 2015 لە جەرابلووس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلووس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە گوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیووە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم




وشە - سه‌رخێڵ هاشم