ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە تاران
شاندی هەرێمی كوردستان لە تاران چەندان كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام داو لە كۆبوونەوەكاندا دووپات لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و تاران كراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، بەپێی ڕاگەیەنراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران كۆبوونەوە و ڕۆحانی ئاماژەی بە پێوەندییە دێرینەكانی نێوان خەڵكی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە و ڕای گەیاند، لە كاتە سەختەكاندا ئەوان پاڵپشت و هاوكاری خەڵكی كوردستان بوونە و پاراستنی ئەو پێوەندییانەی بە پێویست زانی بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان گرنگی بە لایەنی تەناهی ئێران و ناوچە سنووریەكان دەدات.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدای بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و فەراهەمكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی تری عێراق لەسەر بنەمای دەستوور بە پێویست زانی، هاوكات دەستخۆشی لە شاندی هەرێمی كوردستان كرد كە دوێنێ لە بەغدا بووە و گفتوگۆیان لەسەر كێشە هەڵواسراوەكان دەست پێ كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی حكوومەت، ڕۆحانی خواستی وڵاتەكەی بۆ بەرەوپێشبردنی پێوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق دەربڕی و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانیشی دوای ماوەیەك لە داخرانیان، بۆ ئەو خواستەی وڵاتەكەیان گەڕاندەوە كە هاتوچۆی بازرگانی بەرەو ئاساییبوونەوە دەبات. دووپاتیشی كردەوە كە لە هاندانی سەرمایەدارانی وڵاتەكەی بۆ سەرمایەگوزاریكردن لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.
لەبەرانبەردا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە پێوەندییە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد كە لە كاتە سەختەكاندا ئێران هەمیشە دەرگەكانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كراوە بووە و لە بنیاتنانی عێراقی نوێ هاوكار بووە.
دووپاتی كردەوە، سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ئەوەیە فاكتەری سەقامگیریی بن لە ناوچەكەدا و هەر واش دەمێننەوە، هەروەها بەپێویستی زانی لە كاتی درووستبوونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاتر لە نێوان هەدوولادا هەبێت.
"لە ئێران چاوەڕێ دەكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی و دابینكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، لەسەر هەوڵەكانی بەردەوام بێت و ئەگەر زووتر ئەو كێشانە بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر كرابان، بەشێكی زۆر لەو ڕووداوانەی كە هاتنە ئاراوە، ڕوویان نەدەدا" نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا وای گوت.
روونیشی كردەوە كە دەروازە سنوورییەكان پاڵپشتییەكی باش بوو بۆ خەڵكی كوردستان بەتایبەتی بۆ بازرگان و سەرمایەداران و ئەو خەڵكەی لەو سنوورانەدا كار دەكەن.
هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان لە تاران لەگەڵ عەلی شەمخانی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبوونەوە و باس لە پێوەندییە دێرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوە و دووپات لە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە ڕابردوو و ئێستە و داهاتوودا كراوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شەمخانی پێوەندییە دێرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرز نرخاند و هیوای زیاتر پتەوكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولای لە هەموو بوارەكاندا خواست.
لەربارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، داوای كرد ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و بە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و ئامادەیی وڵاتەكەیشی بۆ هاندانی هەردوولا لە گفتوگۆكاندا نیشان دا.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە پێویستی زانی ئێران لەو گفتوگۆیانەی ئێستە لە نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوە دەچن، هاوكار بێت و ڕۆڵی خۆی بۆ لەیەكتر نزیككردنەوە و چارەسەر كردنی كێشەكان و دابینكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بگێڕێت، چونكە گەر مادە و بەندەكانی دەستووری عێراق وەك خۆی جێبەجێ بكرێن ئەوا زۆربەی ئەو كێشانە بە ئاسانی چارەسەر دەبن و بارودۆخی هاووڵاتییانی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بەرەو باشتر دەچێت.
تا ئێستە شاندی هەرێمی كوردستان لە تاران لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو چەندان كۆبوونەوەی تر لەگەڵ سەرانی ئێران ئەنجام بدەن و تاوتوێ دۆخی پێوەندییەكان و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن.
پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بە تەواوی تێكچوو، بەڵام چەند ڕۆژێكە بەهۆی پاڵەپەستۆی چەند وڵاتێك لەسەر بەغدا گفتوگۆی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەری كێشەكان دەستی پێ كردووە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم